سووپی قارچک و گولاب جاموون
سووپی قارچک
کەرەستەکان: قارچک، پیاز، سیر، ئارد، خوێ، ماجی، کرێم، رۆن، ئاو
سەموون بۆ سووپەکە
کەرەستەکان: سەموون، کەرەوز، سیر، رۆن
چۆنیەتی دروستکردنی سووپی قارچک:
سەرەتا قارچکەکان دەشۆردرێنەوە و ئامادە دەکرێن. پیاز و سیرەکە بەیەکەوە دەهاڕدرێن، دواتر کەمێک رۆن دەکرێتە ناو مەنجەڵێکەوە و پیاز و سیرەکەی تێدا سوور دەکرێتەوە. چەند دانەیەک قارچک دەهێڵدرێنەوە بۆ دیکۆری سەر سووپەکە، ئەوانی تر تێکەڵی پیاز و سیرەکە دەکرێن. کەوچکێک یان کەمتر ئاردی تێدەکرێت بۆ ئەوەی سووپەکە تۆزێک خەست بێتەوە، بەڵام پێویست ناکات زۆر ئاردی تێدا بێت. دواتر ماجی شلەکە تێدەکرێت، لەگەڵ بڕێک ئاو. هەمووی تێکەڵاو دەکرێن و دەکوڵێنرێن بۆ ماوەیەک.
لە کۆتاییدا کرێمەکە تێدەکرێت بۆ ئەوەی تامی سووپەکە خۆشتر بێت. ئەگەر حەز بکرێت، دەکرێت سووپەکە لە میکس بدرێت بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان ورد بن، یان وەک خۆی بەجێ بهێڵدرێت بە پارچەکانی قارچکەوە.
چۆنیەتی دروستکردنی سەموونەکە
کەرەوز، سیر و رۆن تێکەڵاو دەکرێن و بەسەر سەموونەکەدا دەکرێن. سەموونەکە دەخرێتە ناو فڕنەوە بۆ ماوەیەکی کەم، هەر ئەوەندەی کە رۆن و کەرەوز و سیرەکە بتوێنەوە و بچنە ناو سەموونەکەوە. سەموونەکە دەبێت رەق بێت و لەکاتی خواردنی خرمەی دەربچێت و رەنگێکی قاوەیی جوان وەربگرێت.
گولاب جاموون (شیرینی هیندی)
کەرەستەکان: شیری نیدۆ (پاودەر) - کوپێک بۆ کوپ و نیوێک، ئاردی سادە - نیو کوپ، پێک پاودەر - نیو کەوچکی چا، شیری تەڕ - کەوچکێکی چێشت، رۆن، ئاو، شەکر، زەعفەران، ئاوی لیمۆ
چۆنیەتی دروستکردنی گولاب جاموون:
سەرەتا شیلەکە دروست دەکرێت: ئاو و شەکر تێکەڵاو دەکرێن و دەکوڵێندرێن. ئەگەر حەز بکرێت، دەکرێت کەمێک زەعفەران و کەمێک ئاوی لیمۆشی تێبکرێت. شیلەکە نابێت زۆر خەست بێت. بۆ دروستکردنی هەویرەکە، شیری پاودەر، ئارد، پێک پاودەر و شیری تەڕ تێکەڵاو دەکرێن و بە دەست دەشێلدرێت تا هەویرێکی نەرم دروستدەبێت. هەویرەکە نابێت وشک بێت.
هەویرەکە بە شێوەی گۆی بچووک خڕ دەکرێت، وەکو لوقمە قازی. رۆنەکە دەکرێتە ناو مەنجەڵێکەوە و گەرم دەکرێت، بەڵام نابێت زۆر داخ بێت. گۆیە بچووکەکان دەخرێنە ناو رۆنەکەوە و بە شێوەیەکی هێواش سوور دەکرێنەوە تاوەکو رەنگیان قاوەیی دەبێت. کاتێک سوور بوونەوە، راستەوخۆ دەخرێنە ناو شیلەکەوە و بۆ ماوەیەک تیایدا دەهێڵدرێنەوە. پێویست ناکات شیلەکە سارد بێتەوە، بەڵکو گرنگە گولاب جاموونەکان گەرمن کاتێک دەخرێنە ناو شیلەکەوە. دواتر دەردەهێندرێن و سارد دەکرێنەوە. گولاب جاموون شێوەی لە لوقمە قازی دەچێت بەڵام تامێکی جیاواز و زۆر خۆشی هەیە.
رۆژانە لە مانگی رەمەزان کاژێر 17:30