سەدان مامۆستا و فەرمانبەری کورد لە کەرکووک خانەنشین دەکرێن

25 February 2025
سەدان مامۆستا و فەرمانبەری کورد لە کەرکووک خانەنشین دەکرێن
نزیکەی 700 مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک خانەنشین دەکرێن، بەبێ ئەوەی پاداشتی خانەنشینی و ئیمتیازاتی خانەنشینی بیانگرێتەوە.
 
جومعە عومەر، نوێنەری مامۆستایانی خانەنشینکراو لە کەرکووک لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: گرفتی ئێمە ئەوەیە خزمەتی سەربازی بە خزمەت بۆ مامۆستایانی کورد لە کەرکووک هەژمار ناکرێت و بە 20 ساڵ خزمەت خانەنشین دەکرێین، هیچ ئیمتیازاتێک نامانگرێتەوە. گوتیشی: بەهۆی نەبوونی پسووڵەی خانەنشینی، 8 ساڵ خزمەتی مامۆستایانی کورد لە کەرکووک فەوتاوە.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کامەران عەلی، بەرپرسی بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی: نەبوونی پسووڵەی خانەنشینی کێشەی بۆ مامۆستایانی کورد لە کەرکووک درستکردووە. 
 
گوتیشی: خانەنشینکردنی 700 مامۆستا و فەرمانبەری کورد لە کەرکووک بەبێ پڕکردنەوەی شوێنەکانیان، گرفتی بۆ پەروەردەی کوردی دروستکردووە، بەڵام مامۆستایانی کورد لە کەرکووک خۆبەخشانە هەوڵ دەدەن ئەمساڵی خوێندن تەواو بکەن.
 
هاوکات، ئەو مامۆستایانە دەڵێن جگە لەوەی نزیکەی 20 مووچەیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دیارنییە چی لێ دێت، سێ مانگیشە مووچەیان وەرنەگرتووە.
 
هەروەها ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی پێش 2003 سەربازییان کردووە یان بە سزای سیاسی لەکار دوورخراونەتەوە، دواتر بە بڕیاری حکومەتی عێراق ئەو ماوەیەیان بە خزمەت بۆ هەژمار کراوە، بەڵام ئەم بڕیارە ئەم مامۆستایانەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ناگرێتەوە.