لوئەی خەتیب: بەهۆی بڕیارەکانی ئەمریکاوە عێراق 45٪ کارەبای نیشتمانی لەدەستدەدات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشووی کارەبای عێراق دەڵێت بەهۆی رێگرییەکانی ئەمریکا لە هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێران، عێراق 45٪ـی وزەی تۆڕی نیشتمانیی لەدەستدەدات و تووشی قەیران دەبێت.
د. لوئەی خەتیب، وەزیری پێشووی کارەبای عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی گرفتی کەرتی کارەبا و وزەی عێراق دەکات دوای بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێگەپێدانی هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێران بۆ عێراق، دەڵێت "پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە وزە و کارەبای عێراق دروست دەبێت، پێویستی بە چاکسازیی ئیداری و داراییە و بە ئاسانی پڕناکرێتەوە."
هاوکات باسی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبواری وزە دەکات و دەڵێت "پێویستە هەولێر و بەغدا دۆسیەی وزە دووربخەنەوە لە رێککەوتنی سیاسی، ئەو کەرتە بە یاسا و دەستوور رێکبخرێت."
دەقی گوتەکانی د. لوئەی خەتیب، وەزیری پێشووی کارەبای عێراق و لێکۆڵینڤانی پێشکەوتووی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ:
رووداو: یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام کاتێک لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڕوانین، بەشی زۆری گفتوگۆکە پەیوەندیی بە وزەوە هەبووە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی نەوتەوە هەیە کە لە عێراق کاردەکەن، هەروەها دەستپێکردنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی، دۆسێیەکی دیکەش دوورکەوتنەوەیە لە ئێران، دەزانین کاتێک دەگوترێت دوورکەوتنەوە لە ئێران واتا گاز، کە عێراق هاوردەی دەکات، تۆش ئەزموونت لەم بابەتە هەیە؛ بە شێوەیەکی گریمانەیی، چی روودەدات لە بواری وزە بەشێوەیەکی گشتی؟
لوئەی خەتیب: بە شێویەکی گشتی، تۆڕی کارەبای نیشتمانیی عێراق کەمتر لە 45٪ـی وزەی بەرهەمهاتوو لەدەستنادات بەهۆی پشتپێبەستنی سووتەمەنی بە لایەنی ئێرانی لەم بوارە (بەڵکو زیاتر لەدەستدەدات)، بەڵێ پێویستە عێراق پشتپێبەستن کەمبکاتەوە بە دۆسیەی ئابووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەهۆی بابەتی دۆلار و سزاکانی واشنتن دژی تاران لەم بوارانە.
رووداو: ئەزموونتان هەبوو لە خولی یەکەمی ترەمپ، تۆ وەزیری کارەبا بوویت لە عێراق، لەبارەی چاوپۆشییەکانیش پێموابێت تەنانەت ئەوکات گوشارێک هەبوو بۆ چاوپۆشیکردن بۆ ماوەی 3 مانگ و دوایی گۆڕدرا بۆ مانگێک، چۆن مامەڵەتان لەگەڵ ئەو پرسە دا کرد؟
لوئەی خەتیب: بە گوتار، گوتاری روون و راشکاو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئیدارەی ترەمپ لەو کاتەدا، پەیوەندییەکان ئەرێنی بوون و ئەو بابەتانەمان بۆ روون کردنەوە، وەکو دەزانیت ئیدارەی ئەمریکا هەمیشە هانی عێراق دەدات بۆ سەربەخۆیی لە بواری وزە، بابەتی سەربەخۆیی ناونیشانێکی بریسکەدارە، لەکاتێکدا دۆسیەی وزە هاوکێشە ئابوورییەکان مامەڵەی پێوە دەکەن، شتێک نییە و وڵاتێک نییە لە جیهاندا سەربەخۆ بێت لە بواری وزە، کە ئەوەندە نەوت و گاز و وزەی کۆگاکراوی هەبێت پێداویستییە ناوخۆییەکانی پڕبکاتەوە و دواتر هەناردەی بکات جگە لە چەند وڵاتێکی کەم، لە نزیکەی 200 وڵاتی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان، خودای گەورە زەوی وا دروستنەکردووە کە ئەم وڵاتانەی دوای جەنگی جیهانی دووەم، هەموویان یەدەگی نەوت و گازیان هەبێت تاوەکو سەربەخۆ بن، تەنانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاتێک لە کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو درووشمی سەربەخۆیی وزەی بەرزکردەوە، تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە و لەگەڵ ئەوەی نەوتی سووک هەناردە دەکات، بەڵام نەوتی قورس هاوردە دەکات و ئەوەی پەیوەندیی بە عێراقەوە هەیە، بەپێی ئەو یەدەگەی کە هەیە و بەپێی ئەو توانایانەی لەبەردەستن، چونکە وەکو دەزانن 80٪ـی بەرهەمی گاز، گازی هاوەڵە لەگەڵ نەوت، هاوکات ئەم شێوازە لە بەرهەمهێنان وابەستەیە بە رێژەی بەرهەمهێنان و پشکمان لە ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس لەم بابەتە دا بۆ پاراستنی نرخی جیهانیی، هاوکات هەر بەرهەمێک تەنانەی ئەگەر هەموو تواناکانی گازیش بەکاربخەین، گازی ئازاد یان گازی هاوەڵ بەشی سووتەمەنی ئەو وێستگانە ناکات کە پێویستمانە، ئەوە جگە لە بەرزبوونەوەی پێداویستیمان لە داهاتوو دا، چونکە زیادبوونی پێداویستی لەگەڵ گەشەی دانیشتووانە، لەلایەکی دیکەوە عێراقیش دۆخی وەکو دۆخی زۆربەی وڵاتانە کە جۆرێک لە هاوسەنگی دەپارێزن لە دۆسیەی وزەی ناوخۆیی. پێویستە سەیری وڵاتانی دیکە بکەین جگە لە ئێران، بۆ نموونە هاوردەکردنی گازی شل لەرێگەی بەندەرە دەریاییەکان، دەتوانین لە قەتەر، لە ئوسترالیا و لە وڵاتانی دیکەوە هاوردەی بکەین، ئەم بابەتانە پێویستییان بە کاتە، پێویستیی بە وەبەرهێنانی گەورەیە و پێویستمان بە چاکسازیی ئابوورییە تاوەکو بتوانین تێچووی ئەو وەبەرهێنانە دابین بکەین، وەکو دەزانیت، دۆسیەی وزە تێچووی زۆرە، هاوکات وەبەرهێن و بەکاربەرت هەیە، بەکاربەر پێویستە بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەم بەرهەمە دا نەکات کە خزمەتگوزارییەکی خۆڕاییە و لە کۆتایدا ئەوە کاڵایەکە و پێویستە تێچووەکەی بدرێت، هاوکات ئەگەر چاکسازیی ئابووری ئەنجام نەدەین لە ئاستی عێراقی فیدراڵدا لە چاکسازیی پێناسەکان، چاکسازیی کارگێڕیی، پەیکەرەی یاسایی، ئاسان نییە دەست بە بونیادنانی وەبەرهێنانی گەورە تەنانەی بۆ هاوردەکردنی گاز لە سەرچاوەکانی دیکە بکەین. ئەم بابەتانەمان بۆ ئیدارەی یەکەمی ترەمپ روونکردەوە لە سەردەمی حکومەتەکەی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی، تێگەیشتنیان بۆی هەبوو، جگە لەوەش ئێمە پەیوەندیی تایبەتمان هەبوو و پێش سەردانمان بۆ واشنتن بۆ روونکردنەوەی ئەم پرسانە، هاوکات بوونی ریکس تیلەرسن وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کە دواتر بووە وەزیری دەرەوە و دوای ئەویش مایک پۆمپیۆ، بە جۆرێک لە جۆرەکان گەیشتینە ئەنجام، هەنگاویان دەنا بە ئاراستەی راگرتنی ئەو چاوپۆشییە، بەڵام دوای پێدانی روونکردنەوە، گەیشتنە ئەو بڕوایەی چاوپۆشیکردنەکە هەموو مانگێک نوێ بکەنەوە لەبری 3 مانگ جارێک، ئێستا ئیدارەکە جیاوازە، ئیدارەیەکی تووندە لەسەر ئاستی دەرەوە و لەسەر ئاستی تێڕوانینەکانی ترەمپ بەهۆی بوونی ئەو رابردووەی هەیەتی و ئەو ماوەیەی لە ئیدارەی یەکەمدا سەرۆک بووە، نەوەک تەنیا بۆ عێراق بەڵکو تێڕوانین و سیاسەتی بۆ تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وایە، کە هەندێک بە سیاسەتی پەڕگیری ناوی دەبەن تەنانەت بەرامبەر کەنەدا، مەکسیک، ئەورووپا و ناتۆ، تەنانەت هاتنە ناوەوەی ئیلۆن مەسک بۆ کاروباری نێوخۆیی و حیزب تاوەکو دوایی، بابەتەکە تەنیا عێراق نییە، بەڵکو هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئیدارەیە دا دەکەن و چۆن بابەتەکان روون دەکەنەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەوان دەستڕۆیشتوون بەسەر چارەکێکی ئابووریی جیهان و هەموو وڵاتان پشت بە دراوێکی زیاتر سەقامگیر بەراورد بە دراوی سێ چارەکەکەی دیکەی ئابووری جیهان دەبەستن، ئەم بابەتانە پێویستە هەموویان لەبەرچاوبگیرێن، پەرەپێدانی توانا نێوخۆییەکان گرنگە، پێویستمان بە هاوئاهەنگیی بەغدا و هەولێرە لە راستیدا بۆ وەبەرهێنانی گاز.
رووداو: بەڵام جۆرە تێڕوانینێکی ئەمریکی هەیە دەڵێ 'دەرفەتی 20 ساڵمان بە عێراق دا، بەڵام جیدیەت نابینین لەلایەنی عێراقەوە بۆ سەربەخۆبوون لە بواری وزە' لەگەڵ ئەوەی تۆ روونت کردەوە ئاسان نییە سەربەخۆ بیت بەڵام بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرچاوەی ئێران، ئایا عێراق جدییە؟ ئایا هەنگاو هەن بتوانین، بڵێین لەماوی 5 ساڵ، 10 ساڵ دا دەتوانین زۆرترین سەربەخۆیمان لە بواری وزەدا هەبێت؟
لوئەی خەتیب: بەڵێ دەتوانین، بەڵام پێویستمان بە سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو و سەرکردایەتییەکی تێگەیشتوو هەیە لە بواری وزە لەسەر ئاستی جیهان دا. دەزانی کێشەی ئێمە لە عێراق بەشێوەیەکی گشتی دۆسیەی وزە دابەشکراوە لەنێوان 3 وەزارەت، وەزارەتی نەوت کە تاوەکو ئێستاش ناوی وەزارەتی نەوتە لەبری ئەوەی ناوی وەزارتی نەوت و گاز یان شتێکی دیکە بێت، وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی پیشەسازیی کە وزە بەشێکە لە بەرهەمهێنانی کارەبا و پترۆکیمیایی، پێویستە ئەمانە لەژێر چەتری وەزارەتی وزەی فیدراڵی دا بن بەشێوەیەکی گشتی و، بەشێکیان وەکو دەستە رۆڵی جێبەجێکار ببینن بۆ هەندێک بابەتی لاوەکی، بەڵام لە کۆتایدا ئێمە بۆ ئەو دۆسیە ئاڵۆزە، پێویستە لەسەر ئاستی فیدراڵی بنەماکانی دابڕێژینەوە. تاوەکو ئێستا عێراق دوو سەردەمی بەسەر راپرسیی دەستوور تێپەڕاندووە، هێشتا چەند دۆسێیەکی پەکخراو هەن کە پایە سەرەکییەکانی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵی پێکدەهێنن، بۆ نموونە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، یاسای دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان و دەستەی تایبەت بەوە، پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵیی وزە بە هەموو لقەکانی، ئەمە پێکدێت لە پارێزگا بەرهەمهێنەکان و هەرێمەکان و بڕیارێکی ستراتیژیی هاوبەش دەبێت لەمبارەیەوە، لەلایەکی دیکەوە رێگە نادرێت بەغدا یان هەولێر، یان بەسرە تاکڕۆیی لە بڕیاردان دا بکەن، بەڵکو دەبێت بڕیارێکی بەکۆمەڵ لە چوارچێوەی فیدراڵی وەکو ئەوەی لە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی هەیە بۆ نموونە، وەکو نموونەیەکی عەرەبیی فیدراڵی نزیک لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئێمە، ئەگەر ئەم بابەتانە دەستەبەر بکرێن و جۆرێک تێڕوانینی وا هەبێت، بڕیارەکان لە کاریگەریی حیزب بەسەریانەوە دەردەچن، یان کاریگەریی چینێکی دیاریکراو، بەڵکو دەبنە بڕیاری دامەزراوەیی. ئێستا لە نەبوونی ئەم دامەزراوانە و ئەم یاسا فیدراڵییانە وەکو ئەوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەی دا لە کۆڕبەندی هەولێر ئاماژەی پێکرد، عێراق بەپێی دەستوور دەوڵەتێکی فیدراڵییە، بەڵام مەرکەزییە ئەوەش راستە و من هاوڕام لەگەڵی دا، هێشتا بۆ هەندێک بابەت پشت بە یاسا کۆنەکان دەبەسترێت کە مەرکەزین، لەلایەکی دیکەوە ئەم مەرکەزیەتە و ئەم چاولێکردنە لە سیستمی ئیشتراکی، هەژموون بە گرێبەستەکانی حکومەت دەدات و بەشداریی کەرتی تایبەت سنووردار دەکات بەشێوەیەکی تەواو بە چاوپۆشیکردن لە هەندێک چین کە نوێنەرایەتیی حیزب یان هەندێک لایەنی دیکە دەکەن، لە راستیدا ئەم دۆسێیەی پەکخستووە، هەموویان وابەستەن بە پەیکەرەی کارگێڕیی دامەزراوەیی، سیاسەتە گشتییەکان، سەکۆی یاساکان و چاکسازیی ئابووری، کاتێک بۆ نموونە باسی پەرەپێدانی کەرتی وزەی عێراق لە باکوورەوە بۆ باشوور و لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا دەکەین، بەپێی ئەو ستراتیژییە نیشتمانییەی کە ئەنجوومەنی وەزیران ساڵی 2012 دایڕشتووە پێش سەرهەڵدانی داعش و ئەو جەنگەی عێراقی بریندارکرد، هەڵسەنگاندن هەبوو بۆ بونیادنانی هەموو کەرتەکان لە عێراق و رێکخستنی وەکو دەوڵەتێکی فیدراڵیی لێهاتوو کە تێچووەکەی بە تریلیۆنێک و 500 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرا نیوەی ئەو دۆسێیە کەرتی وزە بوو بە هەموو بەشەکانی، کە نەوت، گاز، پاڵاوگەکان، پترۆکیمیایی، کارەبا و هەموو ئەوانەی لەخۆی دەگرت کە تێچووەکەیان نزیکەی 700 ملیار دۆلار بوو، ئەمە ناتوانیت لە بودجەی فیدراڵی بۆی دابین بکەیت، پێویستە لەرێگەی وەبەرهێنانی جیهانییەوە دابین بکرێت، وەبەرهێنانی جیهانی کەی متمانە پەیدا دەکات لەبارەی مەترسییەکان، کاتێک ببینرێت مەترسییەکان لەبەرچاوگیراون، ئەمە یەکەم، کاتێک ببینین بازاڕی کاخەزە داراییەکان هەبێت، کاتێک ببینین سیستمێکی بانکیی کارا هەبێت، خەڵک پشتی پێببەستێت، نەوەک وەکو ئەوەی ئێستا خەڵک هەمووی پارەی کاش لە ماڵەوە هەڵدەگرێت و متمانە بە بانکەکان ناکات، کاتێک ببینین حکومەتەکان دەگۆڕێن، کابینەکانی حکومەت تەواوکەری کاری یەکتر بن نەوەک دژی یەکتر، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت گۆڕانی حکومەتەکان لە کودەتا دەچێت، کودەتای سەربازی نا بەڵکو بە رێکاری دیکە، هەندێک لە کارەکانی پێش خۆیان پەکدەخەن، نەبوونی سەقامگیریی لە پەیکەرەی کارگێڕی، ئەم بابەتانە پێویستە هەموویان لەبەرچاوبگیرێن، ئەمانە بنەمان بۆ هەنگاونانی پێشخستن، ئەمە بابەتی واژۆکردنی گرێبەستێک نییە، ئەمە سوودی چییە کە من گرێبەستێک واژۆ بکەم لەگەڵ دەوڵەتێکی دیاریکراو یان چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو، تاوەکو وێستگەی کارەبا بونیاد بنێم بە بەهای 15 ملیرا دۆلار بۆ نموونە، ئەوە بۆ ئەمڕۆ گونجاوە بەڵام ماوەیەکی دیکە خواست زیاتر دەبێت بۆ دووهێندە و سێ هێندە، میکانیزمێکم نەبێت بۆ ئەو وەبەرهێنانانە چونکە پارەی کەمتر لە 10٪ـی تێچووەکەیم لەبەردەست بێت کە لە گەنجینەوە دابین بکرێت بۆ دابینکردنی وزە بۆ بەکاربەر.
رووداو: ئەوەی پەیوەندیی بە هاوکارییەوە لەنێوان بەغدا و هەولێر هەیە، دەمەوێت رات بزانم لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی سۆمو و بەندەری جەیهانی تورکی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێدا کە رێککەوتن هەیە و ئێستا بابەتی تەکنیکی ماوە، ئایا ئەمە جۆرێکە لەو هاوکارییەی باست کرد؟
لوئەی خەتیب: لە راستیدا من رێنماییان دەکەم بە راستگۆیانە؛ دووربکەوینەوە لە رێککەوتنە سیاسییەکان و بەرەو رێککەوتنی یاسایی و دەستووری بڕۆین، پێویستە ئەمەش رەنگدانەوەی هەبێت لە گوتاری نێوان بەغدا و هەولێر، بەغدا هێشتا بە زمانێکی مەرکەزی گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر دەکات، هەولێریش هێشتا بەشێوەزاری کۆنفیدراڵی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکات، بەڵام هیچکام لە هەولێر و بەغدا گفتوگۆ بە زمانی فیدراڵی ناکەن، ئێمە لە کۆتاییدا نە دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵین و نە دەوڵەتێکی مەرکەزی، ئێمە دەوڵەتێکی فیدراڵین و پێویستە پاڵپشتیی ئەو سیستمە فیدراڵییە بکەین، هەرکات گەیشتینە شێوازی گوتارێکی دروست و تەندروست، ئەمە دەبێتە پێشەکی بۆ ئەو پێشکەوتنە، ئەمە یەکەم.
دووەم بابەتی پێداچوونەوە بە ماف و ئەرکەکان، چی بۆ تۆیە و چی لەسەر تۆیە، جا بەغدا بێت یان هەولێر، لە هەر رێککەوتنێکی ئیداری و دامەزراوەیتدا پێویستمان بە دەرچوواندنی یاسای بەڕێوەبردنی نەوت و گاز هەیە، ئەمە پایەیەکە لە پایەکانی دەوڵەتی فیدراڵی، نەبوونی ئەو یاسایە هەموو ئەو پێشکەوتنانە پەکدەخات کە باسمان کردن، تەنانەت پێشکەوتنی ئابووری پەکدەخات و تەنانەت رەنگدانەوەی خراپی لەسەر هارمۆنیەتی کۆمەڵگەکان دەبێت، پێویستە پێشبکەوین، پێویستە یاسای نەوت و گاز بە زووترین کات دەربکرێت بۆ رێگەخۆشکردنی دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵیی وزە، چونکە وەکو دەزانن ئەم بابەتە و پێکهاتەکەی، پەیوەندیی بە پێکهاتەی حکومەتەکانەوە نییە، حکومەت هەر چوار ساڵ جارێک دەڕوات و دێت بەڵام ئەو جێگیرە و بەڕێوەبردنی بەدەرە لە وەزارەتەکان و ستراتیژەکەشی ستراتیژیی گشتگیرە، ستراتیژییەتە نیشتمانییەکان پەیوەندیی بە کارنامەی حکومەتەوە بۆ هەر حکومەتێک نییە، مەبەستم ئەوەیە کە دەڵێم پەیوەندی نییە، سنووردار نەکراوە بە 4 ساڵ، چونکە رووانینی ئەو و پلانی ئەو بۆ 10 ساڵ دواتر یان 20 ساڵ دواترە، روانینی دەوڵەتە لە دۆسێیەی وزە، پێویستە هاوتەریب بێت لەگەڵ هەر رێککەوتنێکی ئیداری و پێویستە سەقفێکی دیاریکراوی هەبێت و لایەنێکی دیاریکراو هەبێت بۆ گفتوگۆ لەمبارەیەوە، بەبێ هیچ کاریگەرییەکی سیاسی لەم بابەتەدا.
رووداو: لە نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە وزەوە هەیە، بۆ نموونە گاز، هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی هەیە کە پێموایە سەرکەوتووە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بواری گاز (کۆرمۆر)، ئایا بواری دیکە هەیە بۆ هاوکاریکردن؟
لوئەی خەتیب: ببینە، لە بابەتی گاز، کۆرمۆر و چەمچەماڵ هەن، ئەو پرۆژانە لە 2007 و 2008 دەستیانپێکرد و من دوای ماوەیەک کارمکرد لەسەر ئەو پرۆژانە پێش 18 ساڵ، پرۆژەیەکی سەرکەوتووە لە راستیدا، لە راستیشدا پشکی هەیە لە دابینکردنی ئاسایشی وزە نەوەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ عێراق بەشێوەیەکی گشتی و هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە دەوڵەت، دەرفەتی بەرفراوانکردن هەیە بۆ ئەم پرۆژەیە، دەکرێت لە 500 ملیۆن پێ سێجاوە زیادبکرێت بۆ ملیار و زیاتر، بەپێی ئاستەکانی بەرهەمهێنان و یەدەگی ئامادە، ئەمە زۆرترین رووبەری دۆزراوە و پەرەپێدراوە، بەڵام پێویستی بە وەبەرهێنانی گەورە هەیە، بەهۆی ئەوەی گاز ترشە بە سرووشتی خۆی و لە هەموو شوێنێک نییە، ئەم پرۆژانە پێویستیان بە چەندین ملیار دۆلارە، ئەگەر هاوکارییەکی جیدی هەبێت لەنێوان بەغدا و هەولێر لەو ناوچانە دا، گازی زیاتر دەدۆزینەوە لەو ناوچانە جا لە کۆرمۆر یان ناوچەکانی دوای کۆرمۆر، پێویستمان بە توانایەکی کۆگەکردنی گەورە هەیە ئەگەر بۆ نموونە گازمان بە بۆری لە تورکیاوە هاوردە کرد، وەکو دەزانن تورکیا نەوەک وەک بەرهەمهێنی گاز بەڵکو وەکو وڵاتی گواستنەوەی گاز کە لە وڵاتانی دیکەوە هەناردە دەکرێت بۆ تورکیا ئێمە لێیان بکڕین و کار لەسەر وزەی هەڵگیراو بکەین کە بکاتە 5 ملیار مەتر سێجا، ئەمانە هەمووی پێویستی بە وەبەرهێنانی گەورەیە پێویستی بە هاوکاری هەیە، لەلایەکی دیکەوە ئاسایشی وزە بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات بەشێوەیەکی تایبەت و بۆ عێراق بەشێوەیەکی گشتی پەرەپێدانی تۆڕی بۆرییەکانی گاز وەکو گوتم لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ باشوور و لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، هەموو ئەم بابەتانە پشکیان دەبێت لە بووژانەوەی دۆسیەی ئابووری و زیادکردنی متمانەی وەبەرهێنەران و گەیاندنی پەیام بە سەرمایەداران، کە بێن و وەبەرهێنان بکەن لە عێراق دا.
بهشی بكه لە