زریان رۆژهەڵاتی: پەکەکە ساڵانە 200 تاوەکو 400 ملیۆن دۆلاری لەبەردەستە

15 March 2025
زریان رۆژهەڵاتی: پەکەکە ساڵانە 200 تاوەکو 400 ملیۆن دۆلاری لەبەردەستە
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە دووری نازانێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە قۆناخی داهاتوو ئازاد بکرێت و وەکو سەرۆکی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا درێژە بە خەباتی سیاسی و مەدەنی بدات. 
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا گوتی: تێڕوانینی تورکیا جیاوازە لە تێڕوانینی پەکەکە بۆ قۆناخی ئێستا، ئەنقەرە ئەم قۆناخە بە قۆناخی لەنێوبردنی تیرۆر ناودەبات، هاوکات پەکەکە مەترسیی هەیە لەکاتی کۆنگرە، تورکیا بۆردوومانیان بکات، هەربۆیە ئێستا کێشەی نێوان تورکیا و پەکەکە نەبوونی متمانەیە.
 
گوتیشی: پەکەکە ساڵانە 200 تاوەکو 400 ملیۆن دۆلاری لەبەردەستە و تورکیا ئامادە نییە لێبووردنی گشتیی بۆ پەکەکە دەربکات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە 5 ساڵی رابردوودا زۆرینەی کادیرانی ناوەندیی پەکەکە کراونەتە ئامانج و ئێستا گفتوگۆکان لەبارەی ئەوەن سەرکردایەتیی پەکەکە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و لەکوێ نیشتەجێ بکرێن دوای دانانی چەک.
 
بە گوتەی رۆژهەڵاتی، مانگی داهاتوو زۆر دۆسیەی نێوان تورکیا و پەکەکە یەکلایی دەکرێنەوە و چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو ئۆجەلان پەیامێکی دیکەی هەبێت و دەشڵێت: دوور نییە ئۆجەلان ببێتە سەرۆکی دەم پارتی و ئازادکردنی قۆناخ بە قۆناخ دەبێت.