بارۆمەتری کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا بە داتا و ژمارە؛ 'هەستی نەتەوایەتی لای گەنجان کەمترە'

10 March 2025

بارۆمەتری کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان کە یەکەم توێژینەوەیە لە نموونەی خۆی بە داتا و رێژە و ژمارەی ورد چەندین لایەنی سیاسی، ئابووری، زمان و کولتوور و هەستی نەتەوەیی و تەنانەت گوێگرتن لە گۆرانی و ژیانی رۆژانەی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە داتا کردووە.
 
بارۆمەترییەکە لەلایەن (ناوەندی راوەست) بۆ توێژینەوە و دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە تورکیا ئەنجامدراوە، لەگەڵ ئەوەی یەکێک بوو لە پێشاندانەکانی سێیەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر کە بەهێزترین کۆڕبەندە و ساڵانە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو دەکرێت و بە دەیان بەرپرس و لێکۆڵینڤان و کەسانی سیاسی و ئابووری و ئەکادیمی تێیدا پانێڵ پێشکێش دەکەن.
 
هاوکات لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بارۆمەتری کوردی بە گرافیک روونکرایەوە و وەکو دەردەکەوێت کە 65٪ـی کورد لە تورکیا پشتیوانیی چەک دانانی پەکەکە دەکەن، بەڵام 20% هاونیشتمانییانی کورد "دوودڵن" لەوەی پەکەکە چەک دابنێت و زۆرینەی کوردیش لە تورکیا خوازیارن پێش دانانی چەک دەوڵەتی تورکیا گەرەنتی بدات کە مافەکانی کورد دەستەبەر دەکات، بەتایبەت بەکارهێنان و خوێندن بە زمانی کوردی.
 
"نەتەوە گەنجەکە"
 
رێها رۆهاڤیۆغلۆ، بەڕێوەبەری دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە گۆشەیەکی بارۆمەترییەکەیان دەکات لەبارەی ناوەندی تەمەن و رێژەی گەنجی کورد لە تورکیا و دەڵێت: "بەپێی داتاکان تورکیا زۆرترین رێژەی گەنجی هەیە بەراورد بە وڵاتانی ئەورووپا، لەنێوخۆی تورکیاش نەتەوەی کورد زۆرترین گەنجی هەیە و گەنجانی کورد زۆرینەی هەموو گەنجانی تورکیا پێکدەهێنن بەجۆرێک هاونیشتمانییانی کورد لە تێكڕای دانیشتوانی تورکیا گەنجترن، نزیکەی 60%ـیان خوار تەمەنی 30 ساڵین، ئەمەش لەکاتێکدایە  ئەو هاووڵاتییانەی کە لە تورکیا دەژین و تەنیا 42%ـیان تەمەنییان خوار 30 ساڵە."
 
بە گوتەی رۆهاڤیۆغلۆ چڕی خێزانی کورد بەراورد بە خێزانەکانی دیکە زیاترە، تێكڕای هەر خێزانێکی کورد لە باکووری کوردستان چوار کەسە، لەکاتێکدا تێكڕای ئەو خێزانانەی کە کورد نین کەمترە لە سێ کەس.
 
هاوکات، رۆژ گیرەسون، بەڕێوەبەری ناوەندی راوەست بۆ توێژینەوە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "رێژەی دروستی کورد لە تورکیا 25٪ نەوەک ئەوەی هەندێک ئامار باس لە رێژەی 40٪ دەکەن، بەڵام لەنێو ئەو 25٪ـەی رێژەی کورد لە تورکیا کورد زۆرترین رێژەی گەنج لەو وڵاتە پێکدەهێنێت، چونکە لە بارۆمەترییەکەی ئەوان دەرکەوتووە هاونیشتمانییانی کورد لە تێكڕای دانیشتووانی تورکیا گەنجترن، نزیکەی 60٪ـیان خوار تەمەنی 30 ساڵین، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو هاووڵاتییانەی کە لە تورکیا دەژین تەنیا 42%ـیان تەمەنیان خوار 30 ساڵە.
 
"زمان و هەستی نەتەوەیی"
 
سەرنجی بەشێکی بنەڕەتی بارۆمەترییەکەی ناوەندی راوەست بۆ توێژینەوە و دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی کوردی لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی و هەستی نەتەوەییە لەنێو گەنجانی کورد بە تایبەتی و هاونیشتمانییانی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان.
 
بەڕێوەبەری دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی کوردی لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئێستا خواست بۆ فێربوونی زمانی کوردی لە تورکیا زۆر زیادیکردووە، بەپێی داتاکانیش، کەمتر لە 30%ـی کوردی باکووری کوردستان دەتوانن بە کوردییەکی باش قسە بکەن، هەروەها 31%ـی هاونیشتمانییان ئاستی قسەکردنی کوردییان مامناوەندە، 29%ـیشیان بە کوردییەکی لاواز قسە دەکەن و زیاتر لە 9%ـیشیان نە قسەی پێدەکەن و نە لێیشی تێدەگەن."
 
هاوکات بەڕێوەبەری ناوەندی راوەست بۆ توێژینەوە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: توێژینەوەکەیان دەریخستووە نەوەی پێشوو لە نەوەی ئێستا باشتر کوردیان زانیوە و بەکاریانهێناوە، هەروەکو دەرکەوتووە 30٪ دایکان و باوکان لە باکووری کوردستان بەردەوام بە کورمانجی قسەدەکەن، بەڵام خواست بۆ خوێندن بە زمانی کوردی ئێستا زۆر تەشەنەی کردووە نەوەک تەنیا لە باکووری کوردستان بەڵکو تەنانەت لەنێو نەتەوەی تورکیشدا.
 
"55% تورک لەگەڵ مافی کوردە لە تورکیا، 45% تورک پاڵپشتی خوێندن بە زمانی کوردی دەکەن لە باکووری کوردستان و 30% تورک لەگەڵ خوێندنن بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی لە باکووری کوردستان" رۆژ گیرەسوون، بەڕێوەبەری ناوەندی راوەست بۆ توێژینەوە وای گوت.
 
گوتیشی: "پاڵپشتیکردنی خوێندن بە زمانی کوردی لەنێو نەتەوەی تورک زیاترە لە هەر پاڵپشتییەک بۆ ماف و داخوازییەکانی کورد و بە رێژەیەکی زۆر کەم تورکەکان خوێندن بە زمانی کوردی رەتدەکەنەوە، بەڵکو زۆرینەی رەهایان لەگەڵ ئەوەدان ئەو مافە بە کورد بدرێت کە بە زمانی کوردی بخوێنن لە پاڵ زمانی تورکی و بە گرفتێکی سیاسی و نەتەوەیی نابینن."
 
هەر بەپێی بارۆمەتری کوردی لە ئەنجامەکەدا دەرکەوتووە هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان 40%ـیان خۆیان بە "دیموکراتخواز" پێناسە کردووە، 30%یشیان دەڵێن، "ئایندارن"، هەروەها 20%ـی هاونیشتمانییانی باکوور رایانگەیاندووە، "نەتەوەپەروەرن و 10%ـیش خۆیان بە عەلمانی و ئەتاتورکی ناساندووە."
 
بەراورد بە تورک، هەستی نەتەوایەتی لەنێو کورد کەمترە. لەنێو ئەو کوردانەی کە بەشداری توێژینەوەکەیان کردووە، تەنیا 31%ـیان هەستێکی نەتەوەیی بەرزیان هەبووە، بەڵام تورکەکان 60%ـیان هەستێکی نەتەوەیی بەرزییان هەبووە.
 
رۆژ گیرەسون لەوبارەیەوە دەڵێت: مەرج نییە هەر کوردێک لە تورکیا زمانی کوردی نەزانێت هەستی نەتەوەیی نەبێت و تەنانەت کوردە دیموکراتخوازەکانی تورکیا بڕوایان بە پرسی نەتەوەیی هەیە.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رێها رۆهاڤیۆغلۆ دەڵێت: "بەراورد بە تورک، هەستی نەتەوایەتیی لەنێو کورد کەمترە، لەنێو ئەو کوردانەی کە بەشداری توێژینەوەکەیان کردووە، تەنیا 31%ـیان هەستێکی نەتەوەیی بەرزیان هەبووە، بەڵام تورکەکان 60%ـیان هەستێکی نەتەوەیی بەرزییان هەبووە، هاوکات ئاستی مامناوەند بۆ هەستی نەتەوەیی لەنێو کورد 33% و لەنێو تورک 30% بووە و ئاستی کەم و لاوازی هەستی نەتەوەیش کەنێو کورد 36% و لەنێو تورک 10% بووە."
 
بە تایبەتیش لەبارەی بەکارهێنانی زمانی کوردی توێژینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە لەنێو هاونیشتیمانییانی باکووری کوردستان، کەمتر لە 30%ـی مێرمنداڵان لەگەڵ دایک و باوکیان بە کوردی قسە دەکەن، هەروەها بەراورد بە نەوەکانی پێشوو، رێژەی قسەکردنی منداڵان بە کوردی 80% دابەزیوە، بەڵام سەرەڕای گوشارەکانی سەریان، 80%ـی هاونیشتیمانییانی کورد پێیانوایە دەبێت زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا جێگیر بکرێت و 90%ـیشیان پشتگیری لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دامەزراوە گشتییەکان دەکەن.
 
"شەڕ و چەک و ئاشتی"
 
لەگەڵ ئەوەی ئێستا رۆژەڤی گەرم لە تورکیا و باکووری کوردستان پرسی چەکدانانی پەکەکە و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتییە، هاوکات لە توێژینەوەکەی ناوەندی راوەست بۆ توێژینەوە و دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی کوردی ئەم مژارە ژمارەیەک داتای لەبارەوە کۆکراوەتەوە و تێیدا دەرکەوتووە 65%ـی هاونیشتیمانییان "بە رەهایی" پاڵپشتی لە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکەن، هەروەها 20%ـشیان پاڵپشتی لە پرۆسەکە دەکەن، بەڵام دوودڵی و تێبینییان هەیە و کەمتر لە 15%ـی هاونیشتمانیانیش رایانگەیاندووە، کە ئێستا لەگەڵ چەکدانانی پەکەکە نین.
 
لەبارەی دەرئەنجامەکانی پەیوەست بە دانانی چەک و پرسی ئاشتی و دوودڵی و نیگەرانی بەشێک لە هاونیشتمانییان، رۆژ گیرەسون، بەڕێوەبەری ناوەندی راوەست بۆ توێژینەوە لە رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئەو ئەنجامانە پێش بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بووە لەبارەی چەکدانانی پەکەکە و ئێستا دوای ئەو بانگەوازە بە دڵنیایی رێژەی ئەو کەسانەی پاڵپشتی چەکدانان دەکەن بەرزتر بووەتەوە.
 
گوتیشی: رێژەیەکی مامناوەندی هاونیشتمانییان دوودڵی نیگەرانییان هەیە بەرامبەر دانانی چەک و هۆکاری ئەو دوودڵی و نیگەرانییەشیان لاوازی متمانەیانە بە دەوڵەتی تورکیا و پێیانوایە کە ئەگەر تورکیا هیچ گەرەنتییەک نەدات بۆ دەستەبەری مافەکانی کورد ئەوا چەکدانانی پەکەکە و راگرتنی شەڕ با زیانی کورد تەواو دەبێت و 15%ی خەڵکی باکووری کوردستانیش دژی چەکدانانن و پێیانوایە جگە لە شەڕ هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەمی کورد نییە بۆ سەندنی مافەکانی لە تورکیا.
 
هەر لە توێژینەوەی بایۆمەتری کوردی لە تورکیا رای هاونیشتیمانییانی لەبارەی میوزیک، فیلم، کۆنسێرت و خوێندنەوەی کتێب وەرگیراوە، 87.7%ـی هاونیشتیمانییان رایانگەیاندووە، کە گوێ لە میوزیکی کوردی دەگرن؛ 49.2%ـیان ئاماژە بەوە دەکەن، سەیری فیلمی کوردی دەکەن؛ 44.3% دەڵێن، بەشداریی لە کۆنسێرتە کوردییەکان دەکەن و 34.5%ـی هاونیشتمانییانیش رایدەگەیێنن، کە کتێبی کوردی دەخوێننەوە.
 
ئەو پێنج هونەرمەندەی کە لەنێو هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان زۆرترین گوێگریان هەیە بریتین لە: ئەحمەد کایا، شڤان پەروەر، جوان حاجۆ، ئاینور دۆغان و مەم ئارارات.
 
لەبارەی جۆرەکانی خواردنیش، ئەو خواردنانەی کە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان حەزی پێدەکەن خواردنە کولتوورییەکانن و لە ریزبەندی یەکەمدا دۆڵمە دێت و بەدوایدا هەریەکە لە کەباب، گۆشت، شلەی فاسۆلیا و قیمە، پاستا، کولێرە بە گۆشت و کفتە دێن.