د. تۆرهان موفتی: ئێران هێشتا کار بە رێککەوتننامەی جەزائیر دەکات و ئاو بۆ عێراق بەرناداتەوە
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو دەڵێت، بەهۆی رێککەوتنی عێراق و تورکیاوە لەبارەی بەردانەوەی ئاو، پشکی ئاوی عێراق لە دیجلە بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە، بەڵام ئێران پابەند نییە بە رێککەوتنەکان و وەکو پێویست بەشە ئاوی عێراق بەرناداتەوە.
هەروەها دەڵێت، هێشتا تاران کار بە رێککەوتننامەی 'جەزائیر' دەکات کە لەلایەن عێراقەوە رەتکراوەتەوە.
د. تۆرهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا گوتی: عێراق یەکێکە لەو 15 وڵاتەی زۆرترین کاریگەری لەسەرە لەسەر ئاستی جیهان، لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە ژینگەییەکانن، "تاوەکو ئێستا نەچووینەتە قۆناخی بەبیابانبوون، بەڵکو لە قۆناخی هەژاریی ئاوداین و هەموو جیهان بەوەوە دەناڵێنێت، بەڵام لە جیهان و لەنێو سەتان وڵات، یەکێک لەو 15 وڵاتەی زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە عێراقە کە بەدەست گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە دەناڵێنێت."
لە بەشێکی گوتەکانیشیدا دەڵێت: عێراق رێژەیەکی زۆر باشی گلدراوەی ئاوی ژێرزەوی هەیە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە بەرهەمێکی هەڵسەنگێندراوە، هەندێک کات بەتایبەت دوای ساڵی 2003 و ئەو حکومەتانەی پێکهێندران گرنگییان بەم بابەتە نەدا، هەر بۆیە ژمارەیەکی زۆر بیر بەبێ هەڵسەنگاندن هەڵکەندران، راستە بیرەکان لە سەرەوە لە یەکدی جیان، بەڵام لە ژێرەوە هەموویان لەسەر یەک سەرچاوەن و دادەبەزنە سەر یەک کۆگای ئاو، کاتێک ژمارەی بیر لە رووبەرێکی دیاریکراو زیاتر دەبێت لە ژمارەی هەڵسەنگێندراو، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و داڕمانی هەموو کۆگاکە، ئێمە لە ئاوی ژێرزەوی دا ئەو کێشەیەمان هەیە بەشێوەیەکی گشتی لە عێراق ژمارەیەکی زۆر بیر هەن.