بەشار کیکی: ئەگەر دۆخەکە چارەسەر نەکرێت ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵدەوەشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، ساختەبوونی بڕوانامەی سەرۆکی لەکارخراوی ئەنجوومەنەکە سەلمێندراوە و رێکارەکانی دوورخستنەوەی یاسایی و دروستن. هۆشداریش دەدات ئەگەر لە دوو مانگی داهاتوودا گرفتەکان چارەسەر نەکرێن، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵدەوەشێتەوە.
رۆژی چوارشەممە (05-03-2025) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە بەشداریی 16 ئەندام لە کۆی 29 ئەندام کۆبووەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی لەکار دوورخستەوە، هۆکارەکەشی ئەوەبوو چەند پرسیارێکیان ئاراستەی ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەن کردبوو، بەڵام پرسیارەکانی وەڵام نەدابوونەوە و ئامادەی کۆبوونەوەکەش نەبوو.
بەشار کیکی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا گوتی: دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا چاوەڕوانکراو بوو، چونکە هەر لە بنەمادا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە لەسەر هاوکێشە و بنەمایەکی هەڵە پێکهێنراوە و پێویستە ئەو هەڵەیە راست بکرێتەوە.
گوتیشی: ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەهۆی ئەو گرفتانەی هەیەتی کارەکانی خۆی ئەنجام نادات، لەکاتێکدا خەڵکی پارێزگاکە دەیان گرفتی خزمەتگوزارییان هەیە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگا پەلکێشی کێبڕکێی سیاسی و ململانێی مەزهەبی کراوە، ئەگەر لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئەم گرفتە چارەسەر نەکرێت، ئەنجوومەنەکە نەخرێتەوە سەر رێچکەی کاری دروستی خۆی ئەنجوومەنەکە بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە، چونکە وەڵامدەرەوەی خواست و پێداویستییەکانی هاوڵاتییانی نەینەوا نییە و خۆی بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانی حکومەتی خۆجێی.
ناکۆکیی پارتی و یەکێتی
دوای لەکارخستنی سەرۆکی ئەنجوومەن، محەممەد جاسم کاکەیی لە فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و بڕیاری لەکارخستنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە نایاساییە، بەوپێیە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بانگهێشتی ئەندامانی کردووە بۆ کۆبوونەوە و بڕوانامەی سەرۆکی ئەنجوومەنیش ساختە نییە وەکو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت و لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەحمەد حاسوود لەسەر ساختەکردنی بڕوانامەکەی و ئەنجامدانی چەندان سەرپێچیی یاسایی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
لەبارەی رێکارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و لەکارخستنی سەرۆکەکەی، بەشار کیکی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: رێکارەکان تەواو یاسایی و دروستن و هیچ کێشە و گرفتێکیان نییە. گوتیشی: سەرۆکی لەکارخراوی ئەنجوومەنی پارێزگا لەکاتی کۆبوونەوەکە خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگا بووە، بەڵام ئامادە نەبووە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکات و وەڵامی ئەندامانی ئەنجوومەن بداتەوە، هاوکات ساختەبوونی بڕوانامەکەی پشتڕاستکراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشی، کیکی دەڵێت: پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوپەیمان بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشهاتە مەترسیدارانەی چاوەڕوانی نەینەوا دەکەن و راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی کە لە رابردوو و لە سەروبەندی پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا کرا، پارتی دیدگای روونە و لەگەڵ برایانی عەرەبی سوننە و پێکهاتەکانی نەینەوا هاوپەیمانە، بەوپێیەی سرووشتی نەینەوا وایە کە ناوچەیەکی سوننەنشینە و ناکرێت گرووپی چەکدار و میلیشیا ئیرادەی خۆی بەسەردا بسەپێنێت و پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەو سۆنگەیەوە پەیوەست ببێت بەو هاوپەیمانێتییەی ئێستا بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان کاردەکات.
ناکۆکییەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دوای ئەوە چڕبوونەوە کە 29 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بەسەر دوو بەرەی بنەڕەتی دابەشبوون هاوپەیمانیی (نەینەوای داهاتوو) کە هێزەکانی چوارچێوەی ھاوئاهەنگی و یەكێتی و بابلیون پێکیانهێنا و (هاوپەیمانی نەینەوای یەکگرتوو) کە لایەنە سوننەکان و پێکهاتەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکیانهێنا.
هاوپەیمانی یەکەم کە 16 کورسی کۆکردبووەوە، لەکۆی 29 کورسی بەبێ هاوپەیمانێتییەکەی دیکە ئەنجوومەنی پارێزگایان کۆکردەوە و بەشێک لە پۆستەکانیشیان دابەشکرد، بەڵام دوێنێ هاوپەیمانێتیی نەینەوای یەکگرتوو هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوە و بە کۆکردنەوەی 16 ئەندام جڵەوی گرتەوە دەست و لە یەکەم جووڵەشدا سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی لەکارخست.
بهشی بكه لە