د. سەڵاحەدین بابەکر: ئامانجمان گرتنەدەستی دەسەڵاتە لە هەرێمی کوردستان

06 February 2025
کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە یادی 31 ساڵەی دامەزراندنی حیزبەکەیان دەڵێت، "پێشتر 250 هەزار دەنگمان هەبوو، ئێستا 100 هەزار دەنگمان هەیە، بەڵام لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا، چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان، دەنگ و ژمارەی کورسییەکانمان رووی لە زیادبوون کردووەتەوە."
 
د. سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "ئێمە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و میانڕەوی دامەزراوین و کار دەکەین، دوای کۆنگرەش سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد و هەموو لایەنەکان حەز بە دۆستایەتیی یەکگرتوو دەکەن."
 
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو گوتیشی، لە ماوەی 31 ساڵدا یەکگرتوو 9 کۆنگرەی ئەنجامداوە، سەڵاحەدین بەهائەدین جگە لە یەک کۆنگرەیان، لە هەموو کۆنگرەکانی یەکگرتوو بەربژێر بووە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی، بە دواین کۆنگرەشەوە کە تاکە بەربژێر بوو و هیچ کەس ئامادە نەبوو خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو بەربژێر بکات.
 
بە گوتەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەم کۆنگرەیەدا رێکخستنەکانی یەکگرتوو گوشاریان کرد بۆ مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەی، لەو پێناوەشدا پەیڕەوی ناوخۆی یەکگرتوو هەموار کرایەوە کە لە کۆنگرەی پێشوودا رێڕەوەکە وا داڕێژرابوو ئەمیندار دەتوانێت بۆ ماوەی دوو خول لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
 
د. سەڵاحەدین بابەکر گوتیشی، یەکگرتوو ئامانجی گرتنەدەستی دەسەڵاتە لە هەرێمی کوردستان و خۆی بە بەدیلی دەسەڵات دەزانێت، بۆیە بڕیاری داوە لەم کابینەیەی حکومەت بەشداری نەکات و وەکو هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن بمێنێتەوە.