پاسکاڵ ئوسێر: لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا چوار وڵات هەن؛ تورکیا، ئێران، ئیسرائیل و سعودیە

04 March 2025
پاسکاڵ ئوسێر: لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا چوار وڵات هەن؛ تورکیا، ئێران، ئیسرائیل و سعودیە
ئەدمیراڵی خانەنشینی هێزی دەریایی فەرەنسا دەڵێت: سەردەمێکی نوێ لە جیهان دەستیپێکردووە و جارێکی دیکە نەتەوەکان گەڕاونەتەوە بۆ دەوڵەتی نەتەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیە کە پێشتر یەکێتیی ئەورووپا و سیاسەت و ستراتیژ و ئابووریی جیهانی لەسەر بونیادنرا. دەشڵێت، گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات و بیرکردنەوەکانی لە سیاسەت و ئابووری جیهان "نیشانەی ئەو دەردەیە".
 
پاسکاڵ ئوسێر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "لە ئاستی جیهانیدا لەڕووی هزری و فەرهەنگییەوە و لە هەموو روویەکەوە دەوڵەتەکان گەڕانەوە، نەتەوەکان گەڕانەوە، بەرژەوەندییەکان گەڕانەوە، ترەمپیش بەشێکە لەم گەمەیە، بۆ ئەورووپا ئەمە بەرەنگارییەکی گەورەیە، چونکە ئێمە لە ناوەندی ئەم رەوتە هزرییەدا بووین و ئەمڕۆ ئەگەر بمەوێت دەستەواژەیەک بەکاربهێنم - نازانم مانای هەیە یان نا - بەڵام ئێمە دەڵێین 'لە پشتەوە گیراوین'، چونکە وامان دەزانی لە جیهانێکی دوای مێژوو و دوای نەتەوەدا دەژیین، کەچی وا نەتەوەکان گەڕانەوە، مێژوو گەڕایەوە".
 
ئوسێر گوتیشی: "رووسیا سەرنجی خۆی خستووەتە سەر وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ئەورووپای رۆژهەڵات، بۆیە رۆژ لەدوای رۆژ توانای کاریگەریی لە ناوچەکانی دیکە کەمتر دەبێتەوە، ئەورووپاش وەکو پێشتر باسمکرد خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیەتی، ئەمەش وا دەکات رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر بە تەنیا بمێنێتەوە و لە دەرەوەی کاریگەریی هێزە گەورەکان بێت، کاتێک سەیری ئەم هاوکێشەیە و هێزە جیۆپۆلەتیکییەکان دەکەین، مەبەستم دەوڵەتە نەتەوەییەکانە و دەپرسین کێن ئەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دەوڵەتی نەتەوەیی بەهێزن، بە بۆچوونی من تەنیا چوار وڵات هەن: تورکیا، ئێران، ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پاسکاڵ ئوسێر:
 
رووداو: دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە دەسەڵات، ئەو روانگەیەکی تەواو نوێی هەیە لەبارەی قەیرانی ئۆکراینا، چۆن دەیبینیت؟ پێموایە ئۆکراینییەکان خۆیان بەمە خۆشحاڵ نین، رای تۆ چییە؟
 
پاسکاڵ ئوسێر: نەخێر دڵخۆش نین، بەڵام کەسیش سەرسام نییە و بە بۆچوونی من دۆناڵد ترەمپ نیشانەی دەردە نەک سەرچاوەی دەرد، نیشانەی جیهانێکی نوێیە ئێمە لە قۆناخێکی وەرچەرخانی مێژووییدا دەژین، قۆناخێکی گەورە و بنەڕەتی، ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە هەر 100 ساڵ جارێک دێنە رێگەمان. 
 
نزیکەی دوو هەزار ساڵ بوو جیهان بەرەو یەکگرتن و یەکبوون هەنگاوی دەنا؛ یەکگرتنی کۆمەڵگاکان، یەکگرتنی بیروباوەڕەکان، یەکگرتنی ئابووری – هەموو بەرەو دیدی ئەورووپی دەچوون، دواتر کە ئەمریکا پێینایە مەیدانەکەوە ئەم دیدە بوو بە دیدێکی رۆژئاوایی، ئەم یەکگرتنە دوای رووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت پەرەی سەند و ئابووری بوو بە سەرکردە، ئابووری بوو بە سەرەتا و کۆتایی هەموو شتێک، سیاسەت و دەوڵەتەکان بایەخیان لە کزیی دا، نەتەوە و ئایینەکان پەراوێز خران، پرسە فەرهەنگییەکانیش هەر وا، خەڵکی جیهان بوون بە کڕیار و فرۆشیار و هاووڵاتیی گەردوون، مەبەستم روونە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاو بە هەنگاو سەرقاڵی رێکخستنی جیهان بوو ئیدی ئەو سەردەمە بەسەرچوو و گۆڕانکارییەکی سەرسووڕهێن و تەواو هاتە ئاراوە، ئیدی لە یەکگرتندا نین بەڵکو لە دابڕان و لێکترازان و دابڕانێکی جیهانیدا دەژین و هێزی لێکدوورخستنەوە بەهێزترە لە هێزی پێکەوەبەستن لە هەموو شوێنێک، لە کۆمەڵگاکانماندا و لەنێوان وڵاتان.
 
لە ئاستی جیهانیدا لە رووی هزری و فەرهەنگییەوە و لە هەموو روویەکەوە دەوڵەتەکان گەڕانەوە، نەتەوەکان گەڕانەوە، بەرژەوەندییەکان گەڕانەوە، ترەمپیش بەشێکە لەم گەمەیە بۆ ئەورووپا ئەمە بەرەنگارییەکی گەورەیە، چونکە ئێمە لە ناوەندی ئەم رەوتە هزرییەدا بووین و ئەمڕۆ ئەگەر بمەوێت دەستەواژەیەک بەکاربهێنم - نازانم مانای هەیە یان نا - بەڵام ئێمە دەڵێین "لە پشتەوە گیراوین"، چونکە وامان دەزانی لە جیهانێکی دوای مێژوو و دوای نەتەوەدا دەژیین، کەچی وا نەتەوەکان گەڕانەوە، مێژوو گەڕایەوە.
 
بێگومان ئەمە بۆ ئێمە بەرەنگارییەکە بەرەنگارییەکی هزری، بەڵام لە کۆتاییدا ترەمپ هێندە جیاواز نییە لە پوتین، شی جینپینگ، ئەردۆغان و ئەوانی دیکەی جیهان، ئەو بەرگریی لە ئەمریکا دەکات و گوێی لە ئەوروپا نییە هەر ئەوەندە، ئێمە ئەمەمان دەزانی بەڵام کەس نەیدەویست ئەم راستییە نوێیە قبووڵ بکات. پێموایە ئەم دۆخە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، بۆ چەندین دەیە بەردەوام دەبێت، نەوەی ئێوە کە زۆر لە من گەنجترن رووبەڕووی جیهانێک دەبنەوە کە پێچەوانەی ئەو جیهانەیە دایک و باوکتان تێیدا ژیاون، ئەمەش بەرەنگارییەکی هزرییە. 
 
با بگەڕێینەوە سەر ئۆکراینا، پوتین دەیەوێت یەکێتیی سۆڤیەت بگەڕێنێتەوە، کۆنترۆڵی ئەو وڵاتانە بکاتەوە کە بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤیەت، وەک دەڵێن: "حەوشەی پشتەوەی جارانی خۆی"، بە هەر شێوەیەک، بە رێگای سیاسی، ئابووری، یان سەربازی ئەمە پلانەکەی بوو. راستییەکەی ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە، ئۆکراینییەکان کە رووسەکان و یەکێتیی سۆڤیەت و سەردەمی کۆنیان باش دەناسی نەیاندەویست بگەڕێنەوە و تەنانەت رووسە رەسەنەکانی ئۆکرایناش نەیاندەویست بگەڕێنەوە ناو سیستمی رووسیا، پێموایە ئەمە هەواڵێکی خۆشە بۆ ئەورووپییەکان، چونکە لە راستیدا ئەوان بە خوێنی خۆیان دەنگیان بۆ ئەوروپا دا، بەڵام ئەوان بێتوانا بوون و ئامادە نەبوون، من کە پێشتر سەربازی بووم لە ئەزموونی خۆمەوە دەزانم کە دواجار لە کاتی ململانێدا ژمارەی هێز و چەک و فڕۆکە و تەقەمەنی قسەی یەکلاکەرەوە دەکەن، ئازایەتی و زیرەکی بە تەنیا بەس نین بۆ سەرکەوتن.
 
ئەوان لە دۆڕاندا بوون، ئەگەر ئەورووپییەکان و ئەمریکییەکان هاوکاریی ئۆکراینییەکانیان نەکردایە، رەنگە زۆر زوو بدۆڕانایە، بەڵام وا نەبوو خاڵی نوێ بۆ ئێمەی ئەورووپی ئەوەیە کە ترەمپ گرنگی بە ئۆکراینا نادات، چونکە گرنگی بە ئەورووپا نادات، چونکە گرنگی بە بابەتی رۆژئاوا و بەهاکانی نادات، چونکە ئەو ئاگاداری ئەم جیهانە نوێیەیە کە تێیدا هەموو شتێک لێکدەترازێت. کەواتە ئەو لەگەڵ پوتین سازان دەکات و رێکدەکەوێت، بە بۆچوونی من بۆ ئێمەی ئەورووپی چی لەسەر مەحەکە؟ باوەڕپێکراوی و متمانەی ئەوەی کە ئەورووپییەکان هێشتا بەشێکن لە یارییە گەورەکە، یان دەبێت یارمەتی ئۆکراینا بدەین بۆ بەرخۆدان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی شکۆمەندانە، کە لەو حاڵەتەدا جیهان دەڵێت ئەورووپییەکان هێشتا توانای بەرەنگاربوونەوە و کاریگەرییان هەیە و دەتوانن بەشێک بن لە یاریی جیۆپۆلەتیکی، کە یاسای سەرەکیی سبەینێیە، یاخود دەڵێین زۆر مەترسیدارە، زۆر سەختە، زۆر دژوارە و باشترە لە گۆشەی خۆماندا بمێنینەوە لەو حاڵەتەدا، ئۆکراینا دەدۆڕێت و هەموو جیهان دەڵێت ئەوروپییەکان کۆتاییان هات، ئیدی نەمان.
 
رووداو: تۆ بە جۆرێک لە جۆرەکان وێنە گەورەکە دەبینیت، پێتوایە دۆناڵد ترەمپ نیشانەیەکە، ئەگەر ئێمە لە سەردەمێکی نوێداین و خەڵک دەگەڕێنەوە بۆ دەوڵەت، کەواتە داهاتووی یەکێتیی ئەورووپا چۆن دەبێت؟، چونکە بۆ نموونە تۆ دەڵێیت "ئێمە" مەبەستت لە "ئێمە" ئەورووپییەکانە، کاتێک باسی وڵاتانی ئەورووپا دەکەیت بە کۆ، واتە هەموو وڵاتانی ئەورووپا رێککەوتنێک و روانگەیەکی هاوبەشیان هەیە لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە و بەرگریکردن لە خۆیان، بەڵام لەم دۆخەدا و لەم گۆڕانکارییە نوێیەدا، داهاتووی یەکێتیی ئەورووپا وەک یەکێتییەک چۆن دەبێت؟
 
پاسکاڵ ئوسێر: پرسیارێکی زۆر بەجێیە، چونکە ئەورووپا لەسەر مانگ نییە، ئەوروپا لە نێوەڕاستی ئەم ئاڵۆزییە و ئەم جووڵەیەدایە و لە ناوەندی ئەم رەوتەدا بوو، رەوتی یەکگرتن، رەوتی یەکگرتنی جیهانی، کەواتە لە ناخەوە کاریگەریی لەسەرە و یەکێتیی ئەورووپاش لەسەر ئەم فەلسەفەی یەکگرتنە دروستکرا، کە ئابووری رێبەری بوو و پێویست نەبوو ئەورووپایەکی جیۆپۆلەتیکی رێکبخرێت، چونکە جیۆپۆلەتیک کۆتایی هاتبوو و تەنیا رێکخستنی بەڕێوەبردنێک کە رێگە بە ئابووری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی بدات، ئێستایش پرسی ژینگە کە توخمێکی نوێیە، بەڵام ئەمڕۆ وا نییە هێزە لێکدوورخەرەوەکان لەنێوان وڵاتانی ئەورووپا و لە ناوخۆی وڵاتەکاندا کاریگەرن و دەبێت دووبارە بیر لە سیستمەکە بکەینەوە، ئەو سیستمەی دوای جەنگی دووەمی جیهانی داڕێژرا، لەلایەن نەوەیەکەوە کە دوای جەنگێکی گەورە پێویستیان بە دووبارە بونیادنانەوەی کیشوەرێک هەبوو لە رووی ئابووری، سیاسی و دەتوانم بڵێم لە رووی رۆحی، هزری و بەهاییەوە، بۆ خۆلادان لە جەنگی چوارەم لە نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ نموونە.
 
من یەکەم کەسم لە خێزانەکەم و یەکەم نەوەم دوای چوار نەوە کە بە دەستی ئەڵمانییەک لەسەر خاکی فەرەنسا نەکوژراوم، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئەورووپا، بەڵام ئەم دروشمە، ئەم پارادایمە هزرییە لە دوامانەوەیە و دەبێت رێگایەکی نوێ بۆ پێکەوەبوون رێکبخەین و دووبارە بیری لێ بکەینەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پرسی ناسنامە گەڕاوەتەوە و ئەمە لاوەکی نییە بەڵکو پرسێکی سەرەکییە بۆ مرۆڤ، کەواتە دەبێت ئەم پرسی ناسنامەیە گەشەی نەتەوەخوازی و ئەم بونیاتە سیاسییە رێکبخەین کە بۆ ئەورووپییەکان ئاشتی، خۆشگوزەرانی و نموونەیەکی هێنا لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی بەرژەوەندییە جیاوازەکان و زۆر شتی دیکە، نموونەیەکی دانوستاندنە کە پێموایە پێشتر جیهانی سەرسام کردبوو، ئێستا هیچ سەرسامکەر نییە کەواتە دەبێت دووبارە بونیادی بنێینەوە، ئەمە بەرەنگارییەکە بۆ ئەورووپییەکان و لەوانەیە بۆ نەوەی دوای من، چونکە کارێکی 30 ساڵەیە.
 
رووداو: ئەی ناتۆ؟
 
پاسکاڵ ئوسێر: ئەمەش پرسیارێکی باشە ناتۆ چییە؛ ناتۆ بریتییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ١٩٤٩وە پشتگیریی ئەورووپییەکان دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە زەریاکانەوە، ئەوکات یەکێتیی سۆڤیەت بوو بەڵام رووسەکان لە کرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتدا بوون، لەو کاتەدا ئەمریکا زۆر پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ئەورووپادا هەبوو، زۆر پەیوەست بوون و ئەمریکا هەستی دەکرد ئەم خەباتە لە ئەورووپا کرۆکی جیۆپۆلەتیکی بوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەگەر لە پەنجاکاندا یەکێتیی سۆڤیەت سەرکەوتوو بووایە لە کۆنترۆڵکردنی رۆژئاوای ئەورووپا، دۆڕانێکی جیۆپۆلەتیکی گەورە دەبوو بۆ ئەمریکا.
 
ئەمڕۆ وا نییە، ئەمڕۆ ئەم پرسە لە ئاسیایە لەگەڵ تایوان، ژاپۆن، کۆریای باشوور، باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و هتد، کەواتە ئەمریکا دەزانێت کە پرسی سەرەکی پرسی جیۆپۆلەتیکی بۆ ئەوان لە ئاسیایە، ئیدی لە ئەورووپا نییە، چونکە رووسیا ئەوەندە بەهێز نییە کە بەرەنگارییەکی راستەقینە بێت بۆیان، ئەمەیە هۆکاری ئەوەی کە ئەمریکا نایەوێت باری بەشداریکردن لەم بەرەنگارییە هەڵبگرێت، بەڵام دەزانن ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکی نییە کە ئەمە دەڵێت و هەموومان دەیان ساڵە ئەمە دەزانین، زۆر ئاسان بوو هەوڵی دواخستنی بڕیارەکە بدەین ئەمڕۆ بەشێکە لە هاوکێشەکە، ئەورووپییەکان دەبێت هەوڵ بدەن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و لەوانەیە کەمێک یارمەتیی ئەمریکییەکانیان هەبێت، بەڵام زۆر نییە، ئەمە دڵنیاییە کە وەک ئەو شێوازە نابێت کە بۆ دەیان ساڵ و تاوەکو هەشت دەیە هەبووە.
 
رووداو: پێتوایە جیهان لە گۆڕاندایە و سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات، ناتوانین رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەمە دەربکەین، وەک بیرمە لە سەردەمی یەکەمی ترەمپ کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان هێدی هێدی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پاشەکشەی دەکرد و زیاتر جەختی لەسەر رووسیا و دەریای باشووری چین دەکردەوە، جەنەراڵ ماکێنزی گوتی: "گرنگ نییە سیاسەتمەداران و سەرکردەکان چۆن بیر دەکەنەوە، بەڵام رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرۆکی ململانێ نێودەوڵەتییەکانە"، کەواتە داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەم چوارچێوەیەدا چۆن دەبێت؟
 
پاسکاڵ ئوسێر: رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بە هەمانشێوەی ئەورووپا لەسەر مانگ نییە، کەواتە بەشێکە لەم رەوتە جیهانییە. من زۆر دڵنیا نیم کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرۆکی کێبڕکێی جیهانی بێت بەهۆی هایدرۆکاربۆنەکانەوە زۆر گرنگە، بەڵام بۆ چین زۆر گرنگە کە پێویستی بەم هایدرۆکاربۆنانە هەیە و کەمێک کەمتر بۆ ئەورووپا، زۆر کەمیش بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان کە بەرهەمهێنەر و هەناردەکەری هایدرۆکاربۆنن کەواتە هایدرۆکاربۆن کێشە نییە.
 
ئەو پرسە تیرۆریستییەی کە لە سەرەتای سەدەی بیستویەکدا گرنگییەکی زۆری هەبوو ئێستا لە دیدی ئەمریکاوە و لە چوارچێوەی ئەم دۆخەی باسمان کرد ئیدی فاکتەرێکی سەرەکی نییە بۆ ئەوان و بووەتە پرسێکی لاوەکی. ئیسرائیل هێشتا گرنگیی خۆی هەیە لای کۆمەڵگای ئەمریکی، چونکە پەیوەندییە هزری و رۆشنبیرییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا هێشتا بەهێزن، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ لە لاوازبووندان، نەوەی نوێی ئەمریکاش بە پێچەوانەی باوانیانەوە، پەیوەندییەکی کەمتریان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
 
بۆچی ئەمریکا دەتوانێت خۆی لێرە تێوەبگلێنێت، تەنیا بۆ پرسە جیۆپۆلەتیکییەکان، تەنیا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە چین لەم بەشەی جیهان بە تەنیا نەبێت، ئەمە ئەوەندە گرنگە بۆ چین کە بۆ ئەمریکییەکانیش گرنگ دەبێت، نەک بە پێچەوانەوە، ئەمەیە هۆکاری ئەوەی کە من دڵنیام ئەمریکییەکان دەمێننەوە بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە بۆ دەیان ساڵ هەبوو و بە دیاریکراوی نەک وەک ئەو ئاڵۆزییە ترسناکەی کە جۆرج بوش بە جەنگی دووەمی کەنداو دروستیکرد، کەواتە لێرە دەبن بەڵام دەتوانم بڵێم بە دەستێکی زۆر سووکتر.
 
چین کە تازە پێی ناوەتە گۆڕەپانی هێزە جیۆپۆلەتیکییە گەورەکانەوە، سەرنجی سەرەکیی لەسەر ئاسیایە، چونکە دەریای باشوور و دەریای چین بۆیان گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە، تایوانیش بۆیان کلیلی دەرگای زەریای ئارامە و دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بەم زەریایە یەکەم لەپێشترییانە، هەر بۆیە کۆنترۆڵکردنی تایوان و بەشێک یان تەواوی ئاسیا بۆیان چارەنووسسازە لەم ڕوانگەیەوە، پێویستیان بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە بۆ نەوت و ئامادەییشیان تێیدا دەبێت بەڵام نایانەوێت تێوەی بگلێن و پێیان خۆش نییە بکەونە ناو هیچ قەیرانێکی ئەمنی یان زەلکاوێکی سیاسییەوە و هەرگیز بە شێوازی ئەمریکی نایکەن بەڵکو تەنیا ئابووری و وەک دەبینن لەگەڵ حوسییەکان لە دەریای سوور یان لە پرسی غەززە یان لە سووریا، زۆر بێدەنگن، چونکە نایانەوێت تێوەبگلێن.
 
رووسیا سەرنجی خۆی خستووەتە سەر وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ئەورووپای رۆژهەڵات، بۆیە رۆژ لەدوای رۆژ توانای کاریگەریی لە ناوچەکانی دیکە کەمتر دەبێتەوە، ئەورووپاش وەکو پێشتر باسمکرد خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیەتی، ئەمەش وا دەکات رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر بە تەنیا بمێنێتەوە و لە دەرەوەی کاریگەریی هێزە گەورەکان بێت، کاتێک سەیری ئەم هاوکێشەیە و هێزە جیۆپۆلەتیکییەکان دەکەین  مەبەستم دەوڵەتە نەتەوەییەکانە و دەپرسین کێن ئەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دەوڵەتی نەتەوەیی بەهێزن، بە بۆچوونی من تەنیا چوار وڵات هەن: تورکیا، ئێران، ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە.
 
ئەم چوار دەوڵەتە، چ بچووک بن یان گەورە، چ کێشەیان هەبێت یان نا کە لە راستیدا هەموویان خاوەن کێشەن  هێزێکیان هەیە کە لە هەستێکی نیشتمانیی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت، خاوەن دیدگا و تواناییەکن کە دەتوانن ستراتیژ دابڕێژن و هەوڵی جێبەجێکردنی بدەن، لە دەوروبەریان چەندین وڵات هەن کە لە خودی خۆیاندا دەتوانن بەهێز بن  چونکە گەورەن و خاوەن سەرچاوە و دەرفەتی زۆر و سیستەمی پەروەردەن، بەڵام لاوازن لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە پرسی دەوڵەتی نەتەوەیی چارەسەر بکەن وەکو لوبنان، سووریا، عێراق، ئوردن، یەمەن و سوودان کە کەمێک دوورترە، هەموویان دەیانتوانی وڵاتی گەورە و بەهێز بن، بەڵام نەیانتوانیوە ئەم گرێکوێرەی دەوڵەتی نەتەوەییە بکەنەوە کە ئەمەش هەر هەمان کێشەی ئەورووپایە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت.
 
شیکردنەوەکەم بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پرسیارەکەت لەو بارەیەوە بوو ئەوەیە مەترسیی گەورە لەوەدایە کە هێزە هەرێمییە مامناوەندییەکان، کە لە کێبڕکێدان یان خاوەن ئامانجی ستراتیژین و ئامرازی جێبەجێکردنیشیان هەیە دەتوانن دۆخەکە بەرەو هەڵکشان ببەن، ئەمانە دەتوانن لە چوارچێوە ستراتیژیەکانیاندا یاری بەرەنگاربوونەوە بکەن و وڵاتانی دیکە ببنە گۆڕەپانی کێبڕکێ و تەنانەت پێکدادانیان، ئەمە پێشتر لەنێوان ئێران و ئیسرائیل لە لوبنان، سووریا و تەنانەت لە عێراقیش روویداوە، هەروەها دەکرێت لە نێوان تورکیا و ئێران، یان لە نێوان ئێران و سعودیە، یاخود لە نێوان تورکیا و سعودیەش رووبدات، ئەگەر سەرنج بدەیتە ئەم وڵاتانە و ئامانج و تواناکانیان، دەتوانیت چەندین سیناریۆی جیاواز ببینێت.