د. نووری دلێمی: عێراق کەوتووەتە نێوەڕاستی گەردەلوول
وەزیری پێشووی پلاندانانی عێراق کە سیاسەتڤانێکی دیاری سوننەیە دەڵێت: عێراق کەوتووەتە نێوەڕاستی گەردەلوولی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئەم هەڵبژاردنە نەخشەی سیاسی دەگۆڕێت و رووخساری نوێ دەردەکەون." پێشیوایە گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ گۆڕەپانەکە بە هێز و بەرفراوانی، وادەکات هاوکێشەکان گۆڕانی بەرچاویان بەسەردا بێت.
د. نووری دلێمی، وەزیری پێشووی پلاندانانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەوەی دوای 7ی ئۆکتۆبەر روویدا بوومەلەرزەیەک بوو کە نەخشەکانی گۆڕی، نەخشە سیاسییەکان، لێکتێگەیشتنی نوێ، هاوپەیمانیی نوێ، ئاڕاستەی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و لە عێراقیش هەیە کە بەشێکە لەم گۆڕانکاریانە.
بە گوتەی نووری دلێمی، جموجۆڵێکی گەورە هەیە، رەوتی سەدر دەستی کردووە بە ئامادەکاریی و تاوەکو ئێستا راینەگەیاندووە کە بەشداری دەکات، بەڵام ئامادەکاریی دەستپێکردووە و پێشبینی دەکات بەشدارییەکی کارای هەڵبژاردنەکە بکەن. دەشڵێت، سیماکانی هاوپەیمانێتی لەنێوان هێز و حیزب و رەوتە جیاوازەکانی عێراق تاوەکو رادەیەک دەرکەوتوون.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. نووری دلێمی، وەزیری پێشووی پلاندانانی عێراق و سیاسەتڤانی دیاری سوننە لە عێراق:
رووداو: گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا روودەدات، دەگوترێت گۆڕانکاری لە عێراق دا بەڕێوەیە و پێشی پێناگیرێ، رای تۆ چییە؟
دلێمی: بەڵێ، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە ناوەڕاستی گەردەلوولدان دان، کاتێک گەردەلوول دروست دەبێت، ئەرکی خەڵکی ماڵەکە ئەوەیە یەکەم: ئەو کەلێن و دەروازانە دابخەن کە کێشە دەتوانێت لێیەوە بێتە ژوورەوە، دووەم: هەموو کێشەکانیان وەلابنێن، هەموو کێشە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بەجێبهێڵن و بچن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. گۆڕانکاری زۆر هەیە، ئەوەی دوای 7ی ئۆکتۆبەر روویدا بوومەلەرزەیەک بوو کە نەخشەکانی گۆڕی، مەبەستم نەخشە جوگرافییەکان نییە، بەڵکو نەخشە سیاسییەکان، بۆیە لێکتێگەیشتنی نوێ، هاوپەیمانیی نوێ، ئاڕاستەی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی و لە عێراقیشدا هەیە، کە بەشێکە لەم گۆڕانکارییانە.
رووداو: بەڵام لەسەر چ ئاستێک لە گۆڕانکاری لە عێراقدا قسە دەکەین، بیرۆکەی تۆ چییە؟ بەلەبەرچاوگرتنی وڵاتانی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییانەی تێیدا روویداوە، پێتوایە سیناریۆی سووریا لە عێراقدا دووبارە دەبێتەوە یان بە شێوەیەکی دیکە دەبێت؟
دلێمی: پێموانییە سیناریۆی سووریا لە عێراقدا دووبارە بێتەوە. بەڕێز سوودانی چەند رۆژێک پێش ئێستا لە هەندێک کەناڵدا دروشمی "عێراق یەکەم"ی بەرزکردەوە، کاتێک دروشم یان بنەمای ئێمە لە مامەڵەکردنی سیاسەتی دەرەکیدا "عێراق یەکەم" بێت، ئەمە واتە لەبەردەم دەرفەتێکداین بۆ پاراستنی عێراق لەوەی ببێتە بەشێک لە ململانێ یان گۆڕەپانی ململانێ، تاوەکو عێراق ببێتە پردێک بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و نێوەندگیرێک کە سەقامگیری و ئاشتی بەهێز بکات. ئەمە ئەو رێبازەیە کە ئەمڕۆ بەڕێز سوودانی کاری لەسەر دەکات.
پێویستە لەسەر هەموو بلۆکە سیاسییەکان و هێزە سیاسییە کاریگەر و چالاکەکان لە گۆڕەپانی عێراقدا پشتگیری لەم ئاڕاستەیە بکەن و بەرەو ئەم ئاڕاستەیە پاڵ بنێن، چونکە لەبەردەم دەرفەتێکداین بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە کێشەکان، توانیومانە و هێشتا هەوڵدەدەین عێراق بپارێزین لەوەی ببێتە بەشێک لە ململانێکان و ئەمە دەرفەتێکی باشە کە ببینە بەشێک یان نێوەندگیرێک، کە پردی گفتوگۆ دروست بکەین و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا بەهێز بکەین.
رووداو: پێتوایە عێراق لە ساڵانی پێشوودا و دوای 2003 بە گشتی لە پلەی دووەم یان سێیەمدا بووە، کەوا ئێستا دروشمی "عێراق یەکەم" بەرزدەکاتەوە؟
دلێمی: بە گشتی، پێش ئەوەی عێراق بەرەو رۆڵی نێودەوڵەتیی بچێت، پێویستە خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و رەزامەندی ناوخۆیی بەدەستبێنێت. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە رەزامەندی ناوخۆیی لە کۆمەڵگە بەرامبەر سیستەمی سیاسی هەبێت، ئەوکات دەتوانیت بەرەو رۆڵی نێودەوڵەتی بچیت.
ئەم ماوە درێژە و پێشکەشنەکردنی خزمەتگوزاری بە شێوەیەکی گونجاو، کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر لاوازیی رۆڵی نێودەوڵەتیی عێراق. ناتوانیت بچیت بۆ رۆڵێکی نێودەوڵەتی کاریگەر لە کاتێکدا رەزامەندیت بەدەست نەهێنابێت و خزمەتگوزاری قایلکارت بۆ کۆمەڵگە پێشکەش نەکردبێت، ئەمەش ئەوەیە کە لە ماوەی دواییدا روویدا، بەهۆی گەندەڵی و دیموکراسی بێسنوورەوە. دیموکراسی بێسنوور بەربەستە لەبەردەم گەشەپێدان، واتە ئەوەی ئەمڕۆ لە پراکتیزەکردندا روودەدات رێگر دەبێت لەوەی خزمەتگوزاری پێشکەش بکەیت، بەتایبەتی لە هەندێک ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا کە گەندەڵی گەورە هەیە، هەموو ئەمە متمانەی هاووڵاتی بە سیستەمی سیاسی لاواز کردووە، بۆیە ناتوانیت رۆڵێکت هەبێت ئەگەر دووەم بیت، زەحمەتە.
رووداو: گۆڕانکاری چاوەڕوانکراو وەکو دەڵێیت، پێتوایە لە ناوەوەی سیستەمەوە دێت یان لە دەرەوەی سیستەم؟ باس لە دەموچاوی نوێ بکەین یان دەموچاوی نێو سیستەم؟
دلێمی: پێموایە گۆڕانکاری لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەبێت. خەڵکی عێراق ساڵانێکی زۆرە بەدەست ناکۆکی و کێشەکانەوە ماندووە، لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە. ئەمڕۆ عێراقی بەدوای سەقامگیری و ئاشتیدا دەگەڕێت، هەر کەسێک ئاشتی و سەقامگیری و خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، دەچێت بۆ هەڵبژاردن، بۆیە دەبینین کە زۆر لە هێزەکان رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردنی باش بەدەست نەهێنن ئەگەر بەشێک بن لە کێشەکان یان بەرەو وروژاندنی کێشەکان بچن. بۆیە دەبینین کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گۆڕانکاری دەبێت، گۆڕانکارییەکی روون بەرەو ئەوانەی کار لەسەر بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاشتی و گەشەپێدان و خزمەتگوزاری دەکەن. پێشبینی دەکەم پەرلەمانی داهاتوو پەرلەمانێک بێت کە زۆرینەی ئەوانە دەبن کە بەدوای سەقامگیری و ئاشتیدا دەگەڕێن.
رووداو: سەرۆکی پەرلەمانی ئێستا، دکتۆر مەشهەدانی، لە کۆڕبەندی هەولێردا گوتی کە خولی ئێستای پەرلەمان خولێکی داماوە.
دلێمی: ئەمەش بەداخەوە، بۆیە من دەڵێم رەنگە زۆر لە دەموچاوەکانی ئێستاکان دووبارە هەڵنەبژێردرێنەوە. لە پرسیاری پێشوودا گوتت دەموچاوی نوێ، بە دڵنیاییەوە پێموایە زۆرترین گۆڕانکاری لە دەموچاوەکان لە پەرلەمانی داهاتوودا دەبێت. لە پەرلەمانی ئێستادا تەنیا کەمتر لە 20٪ گۆڕانکاری لە دەموچاوەکاندا هەبوو، بەڵام لە پەرلەمانی داهاتوودا پێشبینی دەکەم گۆڕانکاری لە دەموچاوەکاندا دەبێت، چونکە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان ئەم قسەیە بکات کە ئەم خولە داماوە، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگە و هاووڵاتییان ناچن بۆ دووبارە هەڵبژاردنی ئەوانەی بەم وەسفە وەسف دەکرێن.
رووداو: مەشهەدانی خۆی رێک وایگوت. بەڵام دکتۆر، کاتێک دەڵێیت گۆڕانکاری لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە دێت، هەندێک بەربەست هەن، بۆ نموونە، رێژەی بەشداری زۆر نزم لە هەڵبژاردنەکاندا لە عێراقدا کە کەمترە لە پەنجا لەسەد، واتە دوورکەوتنەوەیەکی زۆر گەورەی خەڵکی عێراق هەیە و ئەم دوورکەوتنەوەیە واتای ئەوەیە کە زۆرینەی عێراقییەکان باوەڕیان بە هیچ گۆڕانکارییەک نییە لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە رووبدات. پێتوایە ئەمە لەم چوار ساڵەدا گۆڕابێت و ببینین خەڵک بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان؟
دلێمی: سەرەتا هاووڵاتی هۆشیارتر بووە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان ، نیوەی گەلی عێراق دوای 2003 لەدایک بوون، بۆیە ئەمڕۆ لەبەردەم نەوەیەکی گەنجی هۆشیارداین. ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان کە پێش چەند رۆژێک رایگەیاند کە لە 60٪ بۆ 61٪ی کۆمەڵگەی عێراقی تەمەنی لە 15 بۆ 60 ساڵە، کەواتە کۆمەڵگەی عێراقی کۆمەڵگەیەکی گەنجە و گەنج خوازیار دەبێت و دەیەوێت بچێت بەرەو گۆڕانکاری و ئەو ئامرازی گۆڕانکارییە هەڵبژاردنە.
بۆیە پێشبینی دەکەم لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداری زیاتر دەبێت، چونکە گەنجان بەدوای گۆڕانکاریدا دەگەڕێن و پێشبینی دەکەم ئەوەی ئەمڕۆ لە رووداوی نێودەوڵەتیی بە گشتی و واقیعی نێودەوڵەتی دا هەیە، دۆخ لە عێراقدا بەرەو ئەوە دەچێت کە ئەم گۆڕانکارییە لە رێگەی سندووقەکانی هەڵبژاردنەوە بێت و گەنجان بەشداری دەکەن، بەشداری چ لە دەنگدان یان لە خۆپاڵاوتندا بە رێژەیەکی زیاتر، پێشبینی دەکەم کۆی هاووڵاتیان کە 80٪ یان 70٪ی ئەوانەی بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوویان نەکردبوو، بە رێژەیەکی زیاتر بەشداری دەکەن و گۆڕانکاری لە رێگەی ئەوانەوە دەبێت. ئەو توێژەی پێشتر بەشدارییان نەکردووە ئەوانن کە بەرەو گۆڕانکاری یان ئاڕاستەی گۆڕانکاری دەچن لە رێگەی سندووقەکانەوە.
رووداو: هەندیکجار ئاڕاستەیەک بەرەو گۆڕانکاری لە عێراقدا هەبووە، پێموایە نموونەی 2012 نموونەیەکی زۆر روونە، بەڵام دادگای فیدراڵی دەستێوەردانی کرد و بووە بەربەست، تاوەکو ئێستا هەر خولێکی پەرلەمان راڤەیەکی جیاواز لەبارەی گەورەترین بلۆکی پەرلەمان هەیە، ئەم دەستێوەردانانە گومانی زۆریان لەسەرە، بەجۆرێک کە هێزێک هەیە لە دەرەوەی هێزە عێراقییەکان و رێگە بەم گۆڕانکارییە نادات و کۆمەڵێک ئامرازی سیاسی و دادوەری هەیە بەکاریاندێنێت، لە رابردوودا ئەمە بەربەست بووە، بۆچی دووبارە نابێتەوە بەربەست، تەنانەت ئەگەر عێراقییەکان بۆ نموونە لایەنێکی دیکەش هەڵبژێرن؟
دلێمی: کاتێک جیاوازییەکە گەورە بێت، زۆر قورسە هەر لایەنێک چ دەرەکی بێت یان نێوخۆیی بتوانێت دەستێوەردان بکات. جیاوازی لە هەڵبژاردن یان لەوەی کێ دێتە پەرلەمانی داهاتوو، ژمارەیەکی گونجاو و دیار دەبێت لەوانەی بەدوای گەشەپێدان و چارەسەردا دەگەڕێن، چونکە ئەمڕۆ لەبەردەم هەڵبژاردنێکداین، یان دەبێت لەناو ماڵی عێراقییەوە چارەسەر بکەین و بەرەو بارودۆخێکی سەقامگیر بچین یان - خوا نەکات - بەرەو کێشە دەچین. پێموایە زۆر کەس لە هەموو ئاڕاستەکاندا، لە هەموو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسی و دادوەرییەکاندا، هەمووان بەدوای گۆڕانکاری و سەقامگیریدا دەگەڕێن.
واقیعێکی نێودەوڵەتی هەیە کە سێبەری خۆی بەسەر ناوچەکەدا دەسەپێنێت، ئەرکی ئەوانەیە کە هەڵدەستن و هەست بە بەرپرسیارییەتی دەکەن و بارودۆخی عێراق بەڕێوەدەبەن کە عێراق لەو رووداوانە دووربخەنەوە کە لە وڵاتانی دیکەدا روویداوە، بۆ ئەوەی عێراق بپارێزین، چارەسەر لە سندووقەکانی هەڵبژاردندایە و چارەسەر ئەوەیە کە ویستی هاووڵاتییان ویستێکی رێزلێگیراو بێت کە لە رێگەیەوە رەنگدانەوەی لەسەر پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو هەبێت. کاتێک هاووڵاتی نابینێت ویستی رێزلێگیراوە، بەرەو بژارەی دیکە دەچێت و ئەمە لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە لە عێراقدا کە هاووڵاتی بەرەو بژارەی دیکەدا بچێت جگە لە سندووق.
رووداو: گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات لە ئەمریکا، هەروەها رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و کاریگەرییان لەسەر عێراق و گۆڕانکارییە گەورەکان، بۆ نموونە لە سووریا گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە هەیە. ئێستا هەندێک لە سەرکردە عێراقییەکان دەڵێن ئێمە لە عێراق هەمیشە پشتگیری گەلی سووریا بووین و دەبین، پێموانییە ئەمە راست بێت، لەگەڵ رێزم بۆ هەموو سەرکردەکان، چونکە بەشێکی عێراق تا دوا هەناسە بەرگری لە بەشار ئەسەد کرد و گەنجانی عێراقیان نارد بۆ شەڕکردن دژی خەڵکی سووریا.. ئێستا کە ئەم گۆڕانکارییانە روویداوە، پێتوایە ئەمریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ عێراق بکات؟ بۆ نموونە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ یەکەمجار لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هەبوو، راگەیێندراوەکەی ئەمریکا لەسەر تەلەفۆنەکە سەیرە، ئەمریکا زۆر روونە و دەڵێت: کەمکردنەوەی هەژموونی پیسی ئێران لە عێراق.
دلێمی: گوتم کە بەڕێز سوودانی گوتوویەتی بنەمای ئێمە لە سیاسەتی دەرەکیدا "عێراق یەکەم"ـە، کاتێک ئەم بنەمایە "عێراق یەکەم" بێت، بە دڵنیاییەوە رێگە نادەین هەژموونێک لەناو عێراقدا هەبێت و لە بەرژەوەندیی عێراقیشدا نییە، کە لەگەڵ ئەم هەژموونە بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە نەکات.
پێویستە ئێمە سەربەخۆیی ئابووریمان هەبێت، لە پێویستی بۆ گاز یان بابەتی دیکە، پێویستە عێراق لە رووی ئابووری و سیاسییەوە سەربەخۆ بێت، ئەمە دەکرێت بە شێوەیەکی سیاسی بێت، لە رێگەی دیالۆگەوە، عێراق لە خوێنڕشتنی زیاتر بپارێزین - خوا نەکات، ئەگەر ئەم شتانە تێبپەڕن، لە بەرژەوەندیی عێراق نییە بچێتە جەنگێکی نوێوە یان ببێتە گۆڕەپانی ململانێ.
دڵم دەڵێت یان پێشبینی دەکەم کە زۆر لە ژیرەکان پێداچوونەوەیان بە هەنگاوەکانیان کردووە و بەرەو بارودۆخێک دەچن، کە لەگەڵ گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت و، پێش ئەوەش، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و هاووڵاتی عێراقیدا بگونجێت، پێش ئەوەی بیر لە بەرژەوەندیی هەر هاووڵاتییەک لە دەوڵەتێکی دیکە یان هەر سیاسەتێکی دیکە بکەینەوە، "عێراق یەکەم"، خۆشگوزەرانی ناوخۆیی پێشکەش دەکەین، رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕین، هەوڵدەدەین بەشێک بین لە سەقامگیری و بەشێک نەبین لە ململانێ، لە بەرژەوەندی کەس نییە کە ئێمە لە ململانێدا بین.
رووداو: هەڵبژاردن بەڕێوەیە و پێموایە هەر پێکهاتەیەک بە جیا و هەر حیزبێکی سیاسیش بە جیا ئامادەکاری بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەکات، دوو جۆر ئامادەکاری هەن: ئامادەکاری نێوخۆیی کە هەر حیزبێک لە ناوچەی هەژموونی خۆیدا ئامادەکاری دەکات، جۆرێکی دیکەی ئامادەکاری ئەوەیە زەمینە بۆ هاوپەیمانییەتی دوای هەڵبژاردن لەگەڵ حیزبەکانی دیکە لە دەرەوەی پێکهاتەی خۆیان ئامادە دەکەن. لەم بارەیەوە ئامادەکارییەکان چین؟ با بە راشکاوی پرسیار بکەم دەربارەی پێکهاتەی سوننە بە گشتی، نەخشەی هەڵبژاردن چۆن دەبێت؟
دلێمی: من باسم کرد کە ئەوەی لە 7ی ئۆکتۆبەر روویدا بوومەلەرزەیەک بوو کە نەخشەکانی گۆڕی، مەبەستیش نەخشە سیاسییەکان بوون، تەنیا ئەمە روون بووەتەوە کێ بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت و کێ بەدوای سەقامگیری ناگەڕێت، کێ بەدوای دەوڵەتدا دەگەڕێت و کێ بەدوای نادەوڵەتدا دەگەڕێت. ئێمە ئەمڕۆ لەنێوان ئەم هاوپەیمانێتیانەداین، ئەوانەی بەدوای دەوڵەت و سەقامگیری و گەشەپێدان و خزمەتگوزاریدا دەگەڕێن، نزیکترین کەس دەبن لە یەکترەوە.
ئەوەی بەدوای دەوڵەتدا ناگەڕێت و بیر لە دەوڵەت ناکاتەوە و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە ببێتە بەشێک لە میحوەرەکان، بە دڵنیاییەوە لە هاوپەیمانێتییەکی دیکەدا دەبن. لەوانەیە زۆربەی حیزبەکان بە جیا بچنە نێو هەڵبژاردنەوە، بەڵام دەوڵەت و خزمەتگوزاری و سەقامگیری و ئاشتی ئەو خاڵەیە کە هاوپەیمانێتییەکان کۆدەکاتەوە، ئەوەی بەدوای ئەمەدا ناگەڕێت لە هاوپەیمانێتییەکی دیکەدا دەبێت، پێشبینی دەکەم کە زۆرینە بۆ ئەوانە دەبێت کە بەدوای سەقامگیری و ئاشتی و دەوڵەتدا دەگەڕێن.
رووداو: کەواتە ئێمە لەبەردەم هاوپەیمانێتییەکی ئاسۆیی نیشتمانیداین لە هەرێمی کوردستان، ناوەڕاست و باشوور و ناوچە رۆژئاواییەکانی عێراق، کە پێکدێت لە حیزبە جیاوازەکان، بەڵام دروشمەکە دەوڵەت و خزمەتگوزاری و سەقامگیری دەبێت؟
دلێمی: ئەمە ئەوەیە کە پێشبینی دەکەم، چونکە چارەسەری سەرەکی، چارەسەری بەردەوام لە دەوڵەتێکی بەردەوامدایە کە بنەماکەی هاووڵاتی بوون بێت و ستوونەکەی یاسا بێت و بانەکەی دادپەروەری بێت، بەم سێ توخمە و سێ بنەمایە دەتوانین دەوڵەتێکی بەردەوام و سەقامگیر بنیات بنێین.
رووداو: ئایا لەپشت پەردەوە ئامادەکاری بۆ ئەم پرۆژەیە هەیە؟
دلێمی: ئەوە دەستی پێکردووە، دیدار و لێکتێگەیشتن هەیە و هەندێک دەستیانکردووە بە گەڕان بەدوای ئەوەی کە هاووڵاتیبوون بنەما بێت و لە روانگەی لێکتێگەیشتنەوە سەیری یەکدی بکەین نەک لە روانگەی جیاوازی یان لە گۆشەی جیاوازییەوە. لێکتێگەیشتن هەیە، دەبینین جموجۆڵێکی گەورە هەیە، رەوتی سەدر دەستی کردووە بە ئامادەکاری، تاوەکو ئێستا راینەگەیاندووە بەشداری دەکات یان نا، بەڵام ئامادەکاری دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکەم بەشداری دەکەن و بەشدارییەکی گەورە دەبێت.
بهشی بكه لە