چیرۆکی شانۆکارێکی کورد و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
چیرۆکی ژنێکی کورد لە ورمێ
لە نێو کۆڵانە تەنگەبەرەکانی شاری ورمێ، چیرۆکی ژنێک دەگێڕینەوە کە توانیوییەتی سنوورە کۆمەڵایەتییەکان ببەزێنێت و لە دوو بواری جیاوازدا سەرکەوتن تۆمار بکات.
رازیە حاجی پوور،شانۆکارە، نموونەیەکی بەرچاوە لە خۆڕاگری و بەردەوامبوون.
رازیە، کە لە ساڵی 1991 لە ورمێ لەدایکبووە، عەشقی بۆ هونەری شانۆ رێگەی ژیانی گۆڕی.
یەکەم هەنگاوی بەرەو دونیای شانۆ لە کۆمەڵەی رۆشنبیری کوردی لە ورمێ دەستیپێکرد و لەوێ بۆ یەکەمجار ئاشنای شانۆی کوردی بوو.
چەندین گرووپی شانۆیی فارسی پێشنیازی کارکردنی بۆ دەکەن، بەڵام رازیە بڕیاریدا تەنها لە شانۆی کوردیدا کار بکات. ئەو پێیوایە نەتەوەکەی پێویستی بە دەنگێکی هونەری هەیە بە زمانی خۆی.
لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، لەگەڵ گرووپی ''ئاراد''دا هەشت بەرهەمی شانۆیی پێشکەش کردووە، کە زۆربەیان تیشک دەخەنە سەر کێشەکانی ژنانی کورد.
یەکێک لە گرنگترین کارەکانی رازیە دەرهێنانی شانۆگەری "ژاندارک لە ئاگردا" بوو، کە چیرۆکی خەباتی ژنێکی فەرەنسی دەگێڕێتەوە. ئەم کارە سەرنجی بینەرانی بە شێوەیەکی بەرچاو راکێشا.
رازیە دەڵێت سەرچاوەی ئیلهام و سەرکەوتنەکانی دایکییەتی. سەرەڕای ژیان لە جوگرافیایەکی دژوار، ئەو توانیویەتی رێگای خۆی بدۆزێتەوە و بەردەوام بێت لەو کارانەی کە باوەڕی پێیان هەیە.
ئەمڕۆ، لە شاری ورمێ، کاتێک پەردەی شانۆ هەڵدەدرێتەوە، تەنها نمایشێکی هونەری نابینین، بەڵکو چیرۆکی خۆڕاگری و سەرکەوتنی ژنێک دەبینین کە توانیوییەتی لە رێگەی هونەرەوە پەیامی ئازادی و یەکسانی بگەیەنێت و ببێتە هیوایەک بۆ نەوەی داهاتووی ژنانی کورد.
گەورەترین پێشانگەی تاکە کەسی ئەحمەد گونەشتەکین لە ئیستەنبووڵ
لە دڵی ئیستەنبوڵی مێژووییدا، هونەرمەندی ناوداری کورد ئەحمەد گونەشتەکین دوای دوو ساڵ کاری بەردەوام و بە هاوکاری تیمێکی سەدان کەسی، گەورەترین پێشانگەی تاکە کەسی خۆی لە ئیستەنبووڵ پێشکەش بە هەوادارانی کرد.
پێشانگەکە لەژێر ناوی ''ئەلفوبێی ونبوو''دابوو، پێشانگەکە گەشتێکە بەنێو ئازار و خەونەکانی گەلێکدا کە زمان و کولتوورەکەی بەردەوام لەژێر هەڕەشە دابووە.
پێشانگەکە، بە هاوکاری شارەوانی ئیستەنبووڵ کرایەوە، سەرنجی کەسایەتییە دیارەکانی بواری هونەر، ئەدەب، سیاسەت و کولتووری راکێشاوە. گونەشتەکین، لە پێشانگەکەیدا، چەند تەووەرێکی سەرەکی پێشان دەدات، کە بریتین لە کۆچ و دەربەدەری، چیرۆکی دایکانی شەممە، سانسۆر و قەدەغەکردنی زمان و کەلتوور. لە پێشانگەکەدا، بەرهەمەکانی تابلۆ، پەیکەر و سیرامیک نمایشکراون. بۆهە گونەشتەکین بەخۆی دەڵێ هونەرمەند.
ئەم پێشانگەیە گەورەترین پێشانگەی تاکەکەسییە کە لەم ساڵانەی دواییدا لە ئیستەنبووڵ کراوەتەوە.
پردی گەورەی خانەقین: شانازییەک لە مێژووی کولتووری شارەکە
لە دڵی شاری خانەقین، پردێکی مێژوویی بێوێنە هەیە کە خەڵکی ناوچەکە بە "پردی گەورە" ناوی دەبەن. ئەم شاکارە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم (نێوان ساڵانی 1838-1860) و چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی لە پشتە.
بەپێی گێڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە، کچە شازادەیەکی دەوڵەمەندی ئێرانی، کاتێک بینیوییەتی خەڵک بە مەترسییەوە لە ڕووباری ئەڵوەند دەپەڕنەوە، بڕیاریدا پردێک دروست بکات. بۆ ئەم مەبەستە، وەستای لە ئێرانەوە هێناوە و سەدان کەسی خستووەتە کار.
ماجد شالیار، بەڕێوەبەری ناوەندی کولتووری خانەقین، باسی تایبەتمەندییە سەیرەکانی پردەکە دەکات و دەڵێت: "ئەم پردە جیاوازە لە هەموو پردەکانی جیهان. پایەکانی یەکسان نین و شێوازی دروستکردنی بە جۆرێکە کە ئاو بە دوولادا دابەشدەکات، ئەمەش فشار لەسەر پردەکە کەم دەکاتەوە."
لە ڕووی تەکنیکی دروستکردنەوە، گێڕانەوەیەکی سەیر هەیە کە دەڵێت کرێکارەکان ئێسقانی ئاژەڵیان کوڵاندووە و ئاوەکەیان تێکەڵ بە گەچ کردووە، کە وایکردووە پردەکە بەرگەی کاریگەری ئاو بگرێت.
شالیار، کە خۆی هونەرمەندی شێوەکارە، نزیکەی 40 تابلۆی لەسەر ئەم پردە کێشاوە و دەڵێت پردەکە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی کولتووری شارەکە، هەروەک چۆن قەڵا و منارە بۆ هەولێر و پردی دەلال بۆ زاخۆ گرنگن.
بەڵام لەگەڵ گرنگی مێژوویی و کولتووری پردەکە، نیگەرانییەک هەیە سەبارەت بە پاراستنی. شالیار داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات گرنگی زیاتر بە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە بدەن، کە بووەتە هێمای شانازی بۆ خەڵکی خانەقین.