کتێبخانەی کۆزە کەرێزە و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
ژنێک کتێبخانەیەک لە گوندەکەی دەکاتەوە
لە گوندێکی دوورەدەستی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێکی گەنج سەرەڕای هەموو کۆسپەکان، یەکەم کتێبخانەی لە گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراندووە.
ئارەزوو ئەحمەدی، لەدایکبووی ساڵی 1990 زایینی، بە پشتیوانیی بنەماڵەکەی و ئەنجومەنی حامیی تاران، توانیوییەتی خەونی دامەزراندنی کتێبخانەیەک لە گوندی کۆزە کەرێزە بکاتە راستی.
ئارەزوو دەڵێ "کۆمەڵێک ژن هەن کە لە ماڵەوە کار دەکەن و دەرفەتی هاتوچۆی شاریان نییە بۆ کتێبخانە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی بیر لە دامەزراندنی کتێبخانەیەک لە گوندەکەمان بکەمەوە،".
کاتێک داوای دامەزراندنی کتێبخانەکەی کردووە، ئەنجومەنی حامیی تاران بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێکردووە و وتوویانە: "تۆ یەکەمین ژنی کە لە کوردستان داوای دامەزراندنی کتێبخانە دەکەیت." ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە بووەتە هۆی ئەوەی کە پرۆسەی وەرگرتنی مۆڵەت زۆر خێرا بێت و تەنها مانگێکی خایاندووە.
کتێبخانەکە بە شێوازێکی نوێ دامەزراوە. لەوێدا نەک تەنها دەتوانن کتێب بخوێننەوە، بەڵکو چالاکی جۆراوجۆریش ئەنجام دەدەن.
حەفتانە راپۆرتی چالاکییەکانی بۆ تاران نێردراوە. قوتابخانەکانی ناوچەکە حەفتەی دوو رۆژ سەردانیان کردووە و قوتابییەکان لە چالاکییە جۆراوجۆرەکاندا بەشدارییان کردووە.
خاتوو ئارەزوو لە بنەماڵەیەکی رۆشنبیردا گەورە بووە. باوکی سەرەڕای ئەوەی کە رۆژانە کارێکی قورسی هەبووە، شەوانە چووەتە خوێندن و شیعرەکانی خەیامی لەبەر بووە. ئەم کەشە کولتوورییە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئارەزوو داناوە.
ژنان دەتوانن لە سەختترین هەلومەرجیشدا کاریگەری ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگاکەیان دابنێن. کتێبخانەی شەوانی کۆزەکەرێزە، نەک تەنها شوێنێک بۆ خوێندنەوەی کتێب، بەڵکو پردێکە بۆ پەیوەندی نێوان نەوەکان و پەرەپێدانی کولتووری خوێندنەوە لە ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان.
بزمارەکانی ئەژدەر حەیدەر لە کفریەوە جیهان سەرسام دەکەن
ئەژدەر حەیدەر، هونەرمەندی شاری کفری چیرۆکی داهێنانێکی سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە، چۆن لە دروستکردنی وێنەی سەرەتایی بۆ قوتابخانەکان، گەیشتە ئاستی دروستکردنی تابلۆی هونەری بە بزمار کە خوازیاری لە سەرانسەری عێراقدا هەیە.
لەدایکبووی گەرمیان لە ساڵی 1983یە، سەرەتا کاری هونەری وەک زەخرەفە، مەنزەر و دیکۆر پێشکەش دەکرد، بەڵام ساڵی 2016 کارێکی هونەری هونەرمەندێکی ئوردنی سەرنجی ڕاکێشا کە بە بزمار وێنەی دەکێشا.
"پێنج ساڵی خایاند هەتا توانیم یەکەم تابلۆم تەواو بکەم،" ئەژدەر وادەڵێت، کە ئێستا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە. "لە سەرەتادا یەک تابلۆم بە ساڵێک یان دوو ساڵ تەواو دەکرد، بەڵام ئێستا بە تەنها ٨ سەعات وێنەیەک دروست دەکەم."
وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، بۆ دروستکردنی تابلۆیەکی چوارگۆشەیی ٨٠ بە ٨٠ ، پێویستی بە کوتانی ٢٤٠ بزمارە. "هەر بزمارێک هونەرێکە، هەمووی تەواوکەری یەکترن. تەنانەت بزمارێکی کەم، ڕەنگە نەتوانم چاوەکەی بە جوانی دروست بکەم."
خوازیاری کارەکانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەکات. ئێستا 38 کەس لە لیستی چاوەڕوانیدان، کە 10 بۆ 12 کەسیان خەڵکی سلێمانین، هەندێکیان خەڵکی گەرمیانن و زۆربەیان عەرەبن لە بەغدا و خواروی بەغدا. هەرچەندە خوازیاری کاری گەورەشی هەیە، زۆربەی داواکان بۆ تابلۆی بچووکترە.
سەیرترین لایەنی چیرۆکەکە ئەوەیە کە ئەژدەر تەنها 20 ڕۆژ خوێندوویەتی و پۆلی یەکی سەرەتایشی تەواو نەکردووە. بەڵام ئەو توانیویەتی بە شێوەیەکی خۆڕسک فێری خوێندنەوەی کوردی و عەرەبی ببێت، هەروەها ئینگلیزیش دەخوێنێتەوە هەرچەندە تێی ناگات.
"هونەر ناچێتە چوارچێوەی خوێندن، هونەر شتێکە و خوێندن شتێکە،" ئەژدەر دەڵێت. "من لە ساڵی 2001 بۆ 2002 دەستم بە خوێندن کرد، بەڵام خوێندن منی نەگەیاند بە هونەر. هونەر خۆی شتێکە ئەچێتە مێشک و جەستە و خوێنەوە."
دوا ئاواتی هونەری ئەژدەر ئەوەیە بتوانێت لە شوێنێکی شیاودا چەند وێنەیەکی سەرکردە و مێژوونووسانی کورد و غەیرە کورد دروست بکات و پێشانگایەکی تایبەت بۆ کارەکانی بکاتەوە.
بهشی بكه لە