رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لە ئیستەنبووڵ دەنگی دا و رایگەیاند، "هیوادارم ئەم هەڵبژاردنانە ببنە هۆی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەمینە ئەردۆغانی هاوژینی کاژێر 13:15 خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە 31ـی ئاداری 2024 لە قوتابخانەی ناوەندیی سافەت چەبی لە ناوچەی ئوسکودار لە ئیستەنبووڵ دەنگیان دا.
ئەردۆغان گوتی، هیوادارە ئەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری رابردووش ببنە هۆی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ و سەدەیەکی نوێ لە تورکیا.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "ماوەیەک پێش ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆماریمان ئەنجامدا. ئەمڕۆ هەڵبژاردنی خۆجێیی ئەنجام دەدەین. ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردنی یەک لە دوای یەک لە ماوەیەکی هێندە کورتدا گەلەکەمانی ماندوو کرد و ئێمەشی ماندوو کرد، چونکە بانگەشەیەکی زۆر چڕمان هەبوو."
ئەردۆغان هیوای خواست "ئەم هەڵبژاردنانە ئەنجامی باش بۆ وڵاتەکەمان و گەلەکەمان بێنن؛ لەلایەک هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کرا و لەلایەکی دیکەش هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێیی. هیوادارم ئەمانە ببنە هۆی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ و سەدەیەکی نوێ لە وڵاتەکەمان."
لە ئایاری رابردوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئاکپارتیش براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو.
ئەمڕۆش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت و ئاکپارتی چاوی لەوەیە ژمارەیەکی زۆر لە شارەوانییەکان بباتەوە، لەوانەش ئیستەنبووڵی گەورەترین شار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ