رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ پرۆتۆکۆڵی ئەندامبوونی فینلاندی لە ناتۆ پەسندکرد، بەڵام پەرلەمانتارانی هەدەپە دەنگیان بە پرۆتۆكۆڵەکە نەدا.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە 30ـی ئاداری 2023 لە پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای تایبەت بە پەسندکردنی پرۆتۆکۆڵی ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ خرایە دەنگدانەوە. هەریەک لە پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە، پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە و ئیی پارتی بە "بەڵێ" دەنگیان دا، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە نە بە "بەڵێ" و نە بە "نەخێر" دەنگی نەدا.
پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی 276 پەرلەمانتاری پارتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بێجگە لە هەدەپە، پرۆتۆکۆڵی ئەندامبوونی فینلاندی لە ناتۆ پەسندکرد.
ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە لەلایەن پەرلەمانی تورکیا دەکات. ستۆڵتنبێرگ لە تویتەر نووسی، "ئەمە تەواوی خێزانی ناتۆ بەهێزتر و سەلامەتتر دەکات."
هەروەها ساولی نینیستۆ، سەرۆککۆماری فینلاند، دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، فینلاند دەبێتە هاوپەیمانێکی بەهێز و پابەند دەبێت بە ئاسایشی ناتۆ.
ساننا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاندیش سوپاسی پاڵپشتیی وڵاتانی کرد و رایگەیاند: "وەک هاوپەیمانان ئاسایشی یەکدی دابین دەکەین، بەرگری لە یەکدی دەکەین".
سەرەتای ئەم هەفتەیە پەرلەمانی هەنگاریا ئەندامێتی فینلاندی لە ناتۆ پەسند کرد و تەنیا رەزامەندی تورکیا مابووەوە بۆ ئەوەی داواکارییەکەی فینلاند بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 17ی ئاداری ئەمساڵ رایگەیاند، بڕیاریداوە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی پرۆسەی پەسندکردنی ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ دەستپێبکات.
ئەردۆغان له كۆنگرەیەکی رۆژنامهڤانی هاوبهش لهگهڵ سهرۆکكۆمارى فینلاند لە ئەنقەرە گوتی: "لەسەر بنەمای هەستیاریمان بۆ نەهێشتنی نیگەرانییە ئەمنییەکان، بڕیارمان دا پرۆسەی پەسندکردنی پرۆتۆکۆڵی ئەندامیێتیی فینلاند لە ناتۆ رەوانەی پەرلەمان بکەین."
ئاماژەی بەوەشدا پرۆسەی ئەندامبوونی فینلاند بەتەنیا بەبێ سوێد پەسند دەکات و گوتی، "لە فینلاند کردەی لەو شێوەیە نابینرێ، (فینلاندمان) لە سوێد جیاکردەوە و بەو هەنگاوەی گرتمانەبەر هەڵوێستی ئەرێنیی خۆمان نیشاندا."
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی 18ـی ئادار پرۆتۆکۆڵی ئەندامبوونی فینلاندی لە هاوپەیمانی ناتۆ، پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کردبوو. سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەمان رۆژ بابەتەکەی ئاراستەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا کردبوو. رۆژی 23ی ئادار پرۆتۆکۆڵەکە لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا و رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ