رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رەخنەی لە هەوڵەکانی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) گرت و گوتی؛ ئێوە ناتوانن بە چاوی تیرۆرست لە پارتێکی خاوەن 6 ملیۆن دەنگ بڕوانن.
دوای ئەوەی پرسیاری داهاتوو و بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیای ئاراستەکرا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو گوتی، "من لەو بابەتەدا هاوشێوەی سەرۆکی گشتیمان بیردەکەمەوە، کە دەڵێ لەگەڵ دۆستانمان سەردەکەوین، کە رۆژی هات هەموومان بەیەکەوە ئەم بابەتە دەخەینە بەر باس و بەیەکەوە بڕیاری لەسەر دەدەین".
ئیمامئۆغڵو وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی هەوڵەکانی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی دایەوە، رووی دەمی لە دەسەڵات کرد و گوتی: "ئەگەر هەدەپە و تیرۆر بخەنە نێو هەمان تای تەرازووەوە رێک دێنە ئەو خاڵەی کە کاری بۆ دەکرێت. ئەگەر بە چاوی تیرۆرست سەیری پارتێک بکەن کە 6 ملیۆن دەنگی هێناوە، من دژی ئەوەم. هاوکات هەدەپەش دەبێت رەخنە لە خۆی بگرێت لەوەی لە کوێی هەنگاوەکانیاندا کەموکوڕی هەبووە و لە کام بابەتدا قسەیان نەکردووە".
ئەمە لە کاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لەبارەی هەدەپە گوتبووی؛ من رێگەنادەم دەست بۆ هەدەپە ببەن. ئەم هەڵوێستەی کڵچدارئۆغڵو بلۆکی دەسەڵات، بەتایبەتیش پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ی تووڕەکرد.
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رۆژی سێشەممە رەخنەی تووندی لە سەرۆکی گشتیی جەهەپە گرت و گوتی:" جەهەپە کە لە هەر بابەتێکی خاکی و نیشتمانیدا هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنانەی هەیە، کاتێک بابەتە دەچێتە سەر هەدەپە، هەروەها کاتێک بابەتەکە دەچێتە سەر مافە سەروەرییەکانمان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەوپەڕی نەفرەتەوە سەرکۆنە دەکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باخچەلی گوتی، وادیارە جەهەپە و هەدەپە دەیانەوێ هاوپەیمانییەکەیان بخەنە قاڵبێکی فەرمییەوە. هەوڵەکانی داخستنی هەدەپە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بەردەوامە و دۆسیەکە ئاراستەی دادگای دەستووریی تورکیا کراوە.
یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی دادگای دەستووریی تورکیا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی داواکردنی داخستنی هەدەپە ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئاداری 2021 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستپێدەکات.
دادگای دەستووریی تورکیا رۆژی 19ی ئادار، زوهتو ئارسڵان، سەرۆکی دادگەی باڵای دەستووریی تورکیای وەک ریپۆرتەر راسپارد، بۆ لێکۆڵینەوە لەو سکاڵانامەیەی لەلایەن داواکاری گشتیی کۆماریی بۆ داخستنی هەدەپە تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ