رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لە فێستڤاڵێکدا کە رۆژی شەممە 29-4-2023 لە پارێزگای ئیزمیر بەڕێوەچوو، ستایشی سیستمی حوکمڕانیی سەرۆکایەتی کرد و رەخنەی لە سیستمی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی گرت، هەروەها هاوپەیمانیی میللـەتی بە مێزی رۆلێت ناوبرد.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵێکی تایبەت بە فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان، رەجەب تەییب ئەردۆغان باسی لە بەرەپێشچوونی وڵاتەکەی لەڕووی تەکنەلۆژیای بەرگری و سەربازی کرد و رایگهیاند: "لە هەڕەشەکانی نەیارانمان نەترساین، پەلاماری رێکخراوە تیرۆریستییەکان نهیتۆقاندین".
بەشێکی گوتارەکەی ئەردۆغان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنەکان و ئەو رەخنەی لە هاوپەیمانیی میللهت گرت و گوتی "ئەوەی هەر خۆیان بە مێزی قومار ناویان دەبرد، دهركهوت مێزی رۆلێته. بەردەوام دەخولێتەوە و دیار نییە لە کوێدا دەوەستێت".
هەروەها رووی لە سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو کرد و گوتی "ئاخۆ بای بای کەمال لەگەڵ نوێنەرانی قەندیل لە پەرلەمان لە پشت دەرگا داخراوەکانی پەرلەمان باسیان لە چی کردووە، دەی با ئەوەمان بۆ روون بکاتەوە".
بەگوێرەی رۆژژمێری دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. 24 پارتی سیاسی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکانەوە.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 416 هەزار و 98 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا هەروەها گوتی "سەرەتا گوتیان شەشقۆڵی، ئنجا بووە حەوت و دواتری بووە نۆ. ئێستا هاوپەیمانیی نۆقۆڵی هەیە. هەرچی بکەن بەتاڵە و هیچی لێ شین نابێت. لە رابردوودا ئەم جۆرە هاوپەیمانییانەمان زۆر بینی. لەم وڵاتەدا حکومەتی سێ مانگی، شەش مانگی و ساڵی هەبوون. جا بە تایبەتی سیستمی حوکمڕانیی سەرۆکایەتی ئەم سوودەی بۆ وڵاتەکەمان هەیە، کە ئەم وڵاتە لەو هاوپەیمانییانە رزگاری بوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ