رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا دەڵێت، ئەم ساڵ ژمارەیەکی زیاتری گەشتیار سەردانی ئیستەنبووڵیان کردووە. پێشبینیش دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵ زیاد لە 60 ملیۆن گەشتیار سەردانی وڵاتەکە بکەن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا، لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو ئاداری ئەم ساڵ، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی چوونەتە ئیستەنبووڵ 9.94% زیاد بووە.
تەنیا لە مانگی نیساندا ملیۆنێک و 480 هەزار گەشتیار سەردانی شارەکەیان کردووە. لە نیسانی 2023ـدا ملیۆنێک و 290 هەزار گەشتیار سەردانیان کردبوو.
لە مانگی رابردوودا رووسییەکان بە 167 هەزار و 824 گەشتیار پلەی یەکەمیان گرتووە لە چوونی زۆرترین گەشتیار بۆ ئیستەنبووڵ. دوای ئەوانیش ئەڵمانییەکان بە 109 هەزار و 202 گەشتیار و، ئێرانییەکانیش بە 80 هەزار و 193 گەشتیار پلەی دووەم و سێیەمیان گرتووە.
بە کۆی گشتی لە مانگی نیساندا 3 ملیۆن و 610 هەزار گەشتیار سەردانی ئیستەنبووڵیان کردووە.
لە ساڵی 2023ـدا 56 ملیۆن و 700 هەزار کەس سەردانی تورکیایان کردبوو؛ داهاتی گەشتیاریش 56 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە.
حکومەتی تورکیا پێشبینی دەکات ئەم ساڵ نزیکەی 60 ملیۆن گەشتیار سەردانی وڵاتەکە بکەن، داهاتی گەشتیاریش بگاتە 60 ملیار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ