راوێژکارێکی ئەردۆغان لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان: سەردەمێکی نوێ لە تورکیا دەستپێدەکات

28-02-2025
دیار سلێمان
نیشانەکردن بانگەوازی ئۆجەلان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەڵێت، ئیدی سەردەمێکی نوێ لە تورکیا دەستپێدەکات و، "بەدیهاتنی تورکیایەکی بێ تیرۆر، نزیکە.''
 
محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵا و جێگری سەرۆکی دەستەی کاروبارە یاساییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڵاویکردەوە، ''ئاخۆ تا چەند پابەندی بانگەوازەکە دەبن، ئەمە ئیدی کێشەیەکی کردارییە. هەر کێیەک پابەندی نەبێت، دەبێت بەرگەی ئەنجامەکەی بگرێت''.
 
راوێژکاری ئەردۆغان پێیوایە، ئەوەی لە بانگەوازەکەدا هاتووە، روونکە کە "کێشەی ناسنامە نەماوە، نکۆڵیکردن کۆتاییهاتووە، شتێک نییە بە ناوی دوو نەتەوە، دوو زمان، داواکاریی بۆ ئۆتۆنۆمی نییە." دەڵێت، "پارێزگاری لە دەوڵەتی یەکگرتوو کرا''.
 
ئوچوم گوتیشی، لە بانگەوازەکەدا جەختکراوەتەوە، پرسی نێوخۆی کورد کە لە تورکیا لە چوارچێوەی رەتکردنەوە و نکۆڵیکردن باسدەکرا، چارەسەرکراوە، بابەتەکە دیموکراسییە، بابەتەکە یەکبوونە لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە، بابەتەکە گەشەپێدانی دیموکراسییە''.
 
ئەو راوێژکارەی ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، ''دەگوترا بانگەوازێکی بێ مەرج دەکرێت، رێک بەمشێوەیە بوو. ئیدی سەردەمێکی نوێ بۆ تورکیا دەستیپێکردووە. ئیدی بەرپرسیارێتی و داواکاریی هەمووان، بەهێزکردنی دیموکراسییە. بەدیهاتنی تورکیایەکی بێ تیرۆر، نزیکە''.
 
رۆژی پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە سەردانی ئیمراڵییان کرد.
 
لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان رایدەگەیێنێت، "لە کەشوهەوای ئێستا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆککۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە