پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: کۆبوونەوەی ئەردۆغان و دەم پارتی پرۆسەی چارەسەری دەباتە قۆناخێکی نوێ

10-04-2025
سۆران حوسێن
 حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی
حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، دوای 13 ساڵ، ئەمڕۆ ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە بە "گرنگ" پێناسە دەکات و دەڵێت: "پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەباتە قۆناخێکی نوێوە".
 
بڕیارە کاژێر 13:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندێکی دەم پارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببنەوە. حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، لە نوڕۆژی ئەمڕۆ پێنجشەممەی تۆڕی میدیایی رووداودا بەشداری کرد و باسی لە هەنگاوەکانی داهاتووی پرسی چارەسەری کێشەی کوردی کرد.
 
حوسێن ئۆلان گوتی: "لەم دواییانەدا حکومەت دەڵێ تورکیایەکی بێ تیرۆر. ئێمەش دەڵێین چارەسەرکردنی کێشەی کورد. هەمووان دەزانن نزیکەی چوار مانگە پرۆسەیەک دەستیپێکردووە و تاوەکو ئەمڕۆ سێ جار شاندمان سەردانی بەڕێز ئۆجەلانیان کردووە لە ئیمراڵی، دوو جاریش ماڵباتەکەی چوون. تاوەکو ئەمڕۆ سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێز ئەردۆغان لە پرۆسەکەدا زۆر بەشدار نەبووە و خۆی دوورگرتووە، بەڵام ئەمڕۆ ئیدی قۆناخێکی نوێ دەسپێدەکات".
 
بە گوتەی حوسێن ئۆلان، ئەردۆغان "لە ساڵی 2012وە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ کورددا دروست نەکردووە، دوای 13 ساڵ ئەمڕۆ بینینی شاندی ئیمرالیی قبووڵ کردووە؛ کاژێر 01:30ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆشکی بێش تەپە لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە زۆر گرنگ دەبینین، چونکە قۆناجێکی نوێیە".
 
حوسێن ئۆلان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە وەرگرتنی پۆستی وزاری لەلایەن دەم پارتییەوە دەکەن و گوتی: "ئەمە راست نییە. ئەو پرۆسەیە لەنێوان بەڕێز ئۆجالان و دەوڵەتدایە، ئێمە وەکو دەم پارتی، بۆ دیموکراتی و مافی مرۆڤ، نەمانی قەیوم و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیی و نەخۆش، ئەوەی بکەوێتە سەرمان دەیکەین. چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاری دەم پارتی نییە و کاری بەڕێز ئۆجالان و حکومەتە".
 
حوسێن ئۆلان ئاماژەی بە هەڵوێستی جەهەپە کرد و گوتی: "جەهەپەش دەیەوێت پرسی کورد بە رێگەی دیموکراتی چارەسەر بکرێت، ئەوان و هەموو پارتەکانی پەرلەمانیش لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیەدا نین؛ جەهەپە دژی ئەم کارە نییە".
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا چوونی ئۆجالان بۆ پەرلەمانی تورکیا قورسە و حکومەت دەتوانێت کاربکات بۆ گۆڕینی هەلومەرجی ئیمرالی تاوەکو دەگاتە ئازادکردنی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
 
حوسێن ئۆلان دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی تورکیا هەنگاوی کرداری بۆ پرۆسەی چارەسەری نەناوە و گوتی: "زیندانیانی نەخۆش ئازاد نەکراون، لابردنی دانانی قەیووم بە یاسا چارەسەر نەکراوە و دۆخی ئیمرالیش هیچ گۆڕانێکی تێدا نەکراوە، ئەوەی حکومەت کردوویەتی تەنیا ئەوەیە، لە نەورۆزدا ئاستەنگییان بۆ ئاهەنگەکان دروست نەکرد".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە