ئەردۆغان لەبارەی پەنابەران: رێگە بە شەرمەزارییەکی هاوشێوەی بۆراڵتان نادەین

27-07-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن رەجەب تەیب ئەردۆغان پەنابەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمی دەرچوونی ئامادەیی پیشەیی پۆلیس لە ئەنقەرە لە درەنگانی شەوی چوارشەممە، 26-7-2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا رایگەیاند، تورکیا بەردەوام دەبێت لە بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و پەنابەرانی دراوسێی.
 
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دژایەتیی پەنابەران دەکەن، تەنانەت بەڵێنی ئەوەیان داوە ئەگەر دەسەڵات وەربگرن، پەنابەران دەنێرنەوە وڵاتەکانیان، بەتایبەتیش بابەتەکە لەسەر پەنابەرانی سووری چڕبووەتەوە. 
 
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا باسی لەو کوردانە کرد کە لە کۆڕەوی 1991 لە ستەمی بەعس رایانکرد و خۆیان گەیاندە ئەو وڵاتە. هەروەها جەختیکردەوە کە باوەشیان بۆ سووریاییەکان و ئۆکراینییەکانیش کردووەتەوە و ئەگەر دۆخێکی وەها لە دراوسێکاندا رووبدات، هەمان هەڵوێستیان دەبێت. ئەردۆغان ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی بە فاشیست و تێکدەر ناوبرد. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە هاووڵاتییەکی سووریایی کرد، کە لە کەناڵی تەلەڤزیۆنیدا گوتوویەتی "ئێمە لە ستەمی بەشار ئەسەد رامانکردووە. ئەگەر وەرمانناگرن، بمانکوژن".
 
لەمبارەیەوە ئەردۆغان رووداوی پردی بۆراڵتانی بیرخستەوە کە ساڵی 1945 لە سنووری نێوان تورکیا و یەکێتیی سۆڤیەت روویداوە و گوتی "بەکارهێنانی گوتەی پڕ لە نەفرەت بەرامبەر پەنابەران لە تورکێکی موسڵمان ناوەشێتەوە. لە ئێمە ناوەشێتەوە بەگوێرەی رەنگ، نەژاد و ئایینەکەیان حوکم لەسەر ستەمدیدەکان بدەین. هەڵوێستی ئێمە لەم بابەتەدا روونە. نە سازش لەسەر ئاسایشمان دەکەین، نە هاووڵاتیانمان دەخەینە کێشەوە، نە شەرمەزاریی هاوشێوەی رووداوی پردی بۆراڵتان دەهێنینەوە سەر گەلەکەمان".
 
رووداوی بۆراڵتان چیە؟
 
بەگوێرەی سەرچاوە میژووییەکانی تورکیا، ساڵی 1945 نزیکەی 200 ئازەری لە سنووری یەکێتیی سۆڤیەتەوە لەڕێی پردی بۆراڵتان کە لەسەر رووباری ئاراس بووە، خۆیان گەیاندووەتە تورکیا. ئەوان پەنایان بردووەتە بەر کۆماری تورکیا و داوایانکردووە گیانیان بپارێزن. یەکێتیی سۆڤیەت داوای لە ئەنقەرە کردووە ئەو کەسانەیان رادەست بکەن. عیسمەت ئینۆنو کە ئەوکات سەرۆککۆماری تورکیا بووە، بە تەلگراف وەڵامیداوەتەوە و فەرمانی کردووە ئەو ئازەریانە، کە ژن و منداڵیشیان لەگەڵدا بووە، رادەستی رووسەکان بکرێنەوە. سەربازانی تورکیا دەگێڕنەوە و دەڵێن راستەوخۆ لەگەڵ رادەستکردنیان، ئەو کەسانە لەلایەن سەربازانی رووسەوە بە بەرچاوی سەربازە تورکەکانەوە کۆمەڵکوژ کراون. ئەو رووداوە بووەتە لەکەیەکی مێژوویی لەسەر کۆماری تورکیا، بەتایبەتیش لەسەر عیسمەت ئینۆنو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە