رووداو دیجیتاڵ
دادگەی پێنجی کارگێڕی ئەنقەرە لە بارەی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی داوای زانیاری لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەکات. بە گوێرەی داواکارییەکە پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی ئەو دادگەکە بداتەوە.
بارۆی ئامەد (سەندیكای پارێزەرانی ئامەد)، قاسم فورات، سەرۆکی کۆمەڵەی شێخ سەعید، کە نەوەی شێخ سەعیدە. رۆژی 15ی شوباتی 2022 داوایان لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا كردبوو، شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و هاورێکانی ئاشکرا بکات، کە ساڵی 1925 لە ئامەد لەسێدارەدران.
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا داواکارییەکەی رەتکردنەوە، قاسم فورات پرسەکەی گواستەوە بۆ دادگەی پێنجی کارگێڕیی ئەنقەرە.
دادگە رۆژی 14ی نیسانی رابردوو داواکارییەکەی پەسندکرد و داوای زانیاری لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کرد، هەروەها داوای لە وەزارەت کرد، "کۆپییەک لە دۆسیەی مامەڵەکە بنێرێت کە هەموو زانیاری و بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەو مامەڵەیەی لەخۆگرتبێت".
پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی ئەو داواکارییەی دادگە بداتەوە کە لە رۆژی 28ی نیسانەوە ئاراستەی کراوە.
شێخ سەعیدی پیران ساڵی 1865 لە ناوچەی پاڵووی خارپێت لەدایكبووە. یەكێكە لە شێخەکانی تەریقەتی نەقشبەندی، ساڵی 1925 لە پیران سەركردایەتی راپەڕینێكی كرد دژی دەوڵەتی توركیا و دوای ماوەیەكی كەم چەولیگ و خارپێتی گرتەوە، لە كۆتایی نیسانی هەمان ساڵ خۆی و 46 هاوڕێی دەستگیركران.
شێخ سەعیدی پیران، لە 26ی حوزەیرانی 1925 لە تەمەنی 60 ساڵیدا لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە گۆڕەپانی داغكاپی، كە ئێستا ناوەكەی گۆڕاوە بۆ مەیدانی شێخ سەعید، لەسێدارەدران. بەهۆی ئەوەی لە تۆمارە فەرمییەكان ئاماژەی پێنەكراوە، تاوەكو ئێستا نازانرێ لەكوێ نێژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ