رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی 29ی کانوونی یەکەمی 2022، دادگەی دەستووریی تورکیا لەبارەی سکاڵای جەهەپە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست" کۆببێتەوە و بڕیار بدات.
رۆژی 14ی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی تورکیا یاسای "بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست"ـی دوای مشتومڕێکی زۆر، پەسندکرد؛ یاساکە کە تایبەتە بە چاپەمەنی و سۆشیاڵ میدیا؛ دەسەڵات بە یاسای "بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست" و ئۆپۆزیسیۆنیش بە یاسای "سانسۆر" ناوی دەبات.
یاساکە لە 40 ماددە پێکهاتووە و بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپەی هاوپەیمانی پەسند کرا. رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2022 لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر کرا و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە.
جەهەپە لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە داوایەکی یاسایی لە دادگەی دەستووری تۆمارکرد و تانەی لە یاساکە دا و داوای هەڵوەشاندنەوەی کرد. تیمی پارێزەرانی جەهەپە لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی تەواوی یاساکە داوای هەڵوەشاندنەوەی لانیکەم 20 ماددەیان کردووە.
ئەنجوومەنی دادوەرانی دادگەی دەستووری تورکیا دەڵێت، رۆژی 29ی کانوونی یەکەمی 2022 کۆدەبنەوە و هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن و ئەگەری بڕیاردانیش لەئارادایە.
لە پەرلەمانی تورکیا زۆرترین گفتوگۆ لەبارەی ماددەی 29ی یاساکە کرا کە بەپێی نێوەڕۆکەکەی، هەرکەسێک زانیاریی نادروست لەبارەی ئاسایشی نێوخۆ و دەرەوە و ئاسایشی گشتی و تەندروستیی گشتیی وڵات بڵاوبکاتەوە و ببێتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، سزا دەدرێت کە دەکرێت سزادانەکەی تاوەکو سێ ساڵ زیندانیکردن بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ