رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە کۆی 54 کەس کە بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش دەستبەسەر کران، بە بڕیاری دادگە 20یان خرانە زیندانەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی سێشەممە 26ی تشرینی دووەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە 18 پارێزگا ئۆپەراسیۆنی "گورز-26" کراوە، 54 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش دەستبەسەر کراون.
لەو ژمارەیە، بە گوتەی یەرلیکایا، بە بڕیاری دادگە 20 کەس خراونەتە زیندانەوە و 11ی دیکەیان بە مەرجی دادی ئازاد کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستبەسەرکراوەکانی دیکە بەردەوامە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، مەڕەش و کیلیسی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئافیۆنکاراهیسار، ئایدن، بورسا، ئەسکیشەهیر، هاتای، ئیستەنبووڵ، قەیسەری، کۆنیا، کرشەهیر، مێرسین، نەوشەهیر، سامسوون، سینۆپ، تەکیرداغ و ترابزۆن بە هاوئاهەنگیی داواکاری گشتیی پارێزگاکان و فەرماندەیی گشتیی جەندرمە و سەرۆکایەتیی فەرمانگەی دژە تیرۆر کراوە.
یەرلیکایا دەڵێت، ئەو کەسانە بە تاوانی ئەندامێتی و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ داعش و بانگەشەکردن بۆ ئەو رێکخراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەلایەن داواکاری گشتیی پارێزگاکان لێکۆڵینەوە لەبارەیانەوە دەستپێکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ