رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی هەینی سەردانی شاری دیمەشق بکات و لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سووریا کۆببێتەوە و نوێژی هەینیش لە مزگەوتی ئومەوی بکات.
رۆژی سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی دیمەشق بکات و لە مزگەوتی ئومەوی لەو شارە نوێژی هەینی بکات.
سەردانی ئەردۆغان بۆ سووریا دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆکی دەوڵەتێک بۆ ئەو وڵاتە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
رۆژی 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەردۆغان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بەنیازە بە زووترین کات سەردانی سووریا بکات و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکارییکردنی دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە راگەیاند.
22ـی ئەم مانگە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا کۆبووەوە و لەوێ فیدانیش ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی لە بونیاتنانەی دامودەزگا حکومییەکانی سووریا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریاشی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە پێویست زانی.
هەر لەو سەردانەیدا فیدان داوای چەکداماڵینی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سەرجەم ئەو هێزە کوردییانەی لە پەکەکەوە نزیکن کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ