رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پشووی خوێندنی لە پارێزگا بوومەلەرزە لێدراوەکانی باکووری کوردستان و تورکیا درێژکردەوە.
مەحموود ئۆزەر، وەزیری پەروەردەی تورکیا رۆژی هەینی لە ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە سەرۆکایەتیی ئافاد لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی خوێندن لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان بەهۆی مەترسیی پاشلەرزە و نەبوونی ژێرخانی پێویست دوادەخرێت و درێژە بە پشووی خوێندن دەدرێت.
مەحموود ئۆزەر رایگەیاند، پشووەکە بەگوێرەی کاولکارییەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان دەبێت و گوتی، پشووی خوێندن لە پارێزگاکانی ئادانا، کیلیس، ئامەد و روها تا رۆژی 1ـی ئادار دەبێت. بۆ پارێزگاکانی دیلۆک و عوسمانییە تا 13ـی ئادار پشوو دەبێت و بۆ پارێزگاکانی سەمسوور، مەلەتی، مەرەش و هاتایش تا 27ـی ئادار دەبێت.
وەزیری پەروەردەی تورکیا گوتی، پشووەکە باخچەی ساوایان، قۆناخی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی دەگرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ دۆخەکە دەکەن و هەفتەی داهاتووش بڕیاری نوێ رادەگەیێنن.
وەزیری پەروەردەی تورکیا روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا 35 هەزار و 24 قوتابیی قۆناخەکانی بنەڕەتی تا ئامادەیی لە پارێزگا بوومەلەرزە لێدراوەکانەوە لەسەر خواستی خۆیان گوێزراونەتەوە قوتابخانەی پارێزگاکانی دیکە و 15 هەزار و 319 خوێندکاری زانکۆش لەسەر خواستی خۆیان مامەڵەی گواستنەوەیان بۆ زانکۆکانی پارێزگاکانی دیکە بۆ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ