وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا: زیاتر لە 518 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە

24-02-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەڵسەنگاندنی زیانەکانی بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات، لە سەرتاسەری تورکیا گەیشتووەتە 80٪، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا 100٪ی زیانەکان لەو 11 پارێزگایەدا دەستنیشان بکرێن، کە هەشتیان لە باکووری کوردستانن.
 
موراد کوڕوم، وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 23ـی شوباتی 2023 لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان رایگەیاند: ئێمە لە رۆژی 18ەمینی بوومەلەرزەکەداین لە توێژینەوەکانی هەڵسەنگاندنی زیانەکاندا دەرکەوتووە، 164 هەزار و 29 باڵەخانە کە لە (518 هەزار و 754 یەکە) پێکدێن، بەئاستی جیاواز زیانیان بەرکەوتووە. 
 
موراد کوڕوم ئاماژەی بەوەدا: پشکنین بۆ دوو ملیۆن و 535 باڵەخانە کراوە، یەک ملیۆن و 191 هەزار لەو باڵەخانانە کە دەکاتە 48٪یان، بەر لە ساڵی 1999 دروستکراون. ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە 52٪ی ئەو باڵەخانانەی پشکنینیان بۆ کراوە بەو سیستمی چاودێرییە دروستکراون، کە ئێمە هێناومانە. 
 
توێژینەوەکان دەریانخستووە 98٪ی ئەو باڵەخانانەی بەر لە ساڵی 1999 دروستکراون و هیچ خزمەتگوزارییەکی ئەندازیارییان وەرنەگرتووە و هیچ پشکنینێکیان بۆ نەکراوە لە بوومەلەرزەکەدا رووخاون. 
 
وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا باسی لەوەش کرد، لەو 11 پارێزگایەی بەهۆی بوومەلەرزەی مەرەش زیانیان بەرکەوتووە، پێویستە 164 هەزار و 321 باڵەخانە "بەپەلە" بڕووخێندرێن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە