پارێزگای کیلیس: لە نزیک دەروازی سنووریی ئۆنجوپنار سێ مووشەک کەوتنە خوارەوە

23-11-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری کیلیس دەڵێت، درەنگانی شەوی رابردوو چەند مووشەکێک ئاراستەی پارێزگاکەی کراون، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ چوارشەممە 23-11-2022 لەلایەن پارێزگای کیلیسەوە بڵاوکراوەتەوە، کاژێر 21:25 خولەکی شەوی رابردوو لە ناوچەی تل رەفعەتەوە سێ مووشەک ئاراستەی پارێزگای کیلیس کراون و مووشەکەکان لە نزیک دەروازی سنووریی ئۆنجوپنار لەسەر سنوور کەوتوونەتەخوارەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای کیلیس ئاماژە بەوە دراوە، هێرشە مووشەکییەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هەموو مووشەکەکان لەسەر سنوور لە نێو زەوی چۆڵدا کەوتوونەتەخوارەوە. 
 
ئەم گرژییە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20-11-2022، سوپای تورکیا هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر چەند ناوچەیەک لە رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان دەستپێکرد و دوای چەند کاژێرێک راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 89 ئامانجیان پێکاوە.
 
ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە رۆژئاوای کوردستان بوو. فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رۆژی یەکشەممە 20-11-2022 رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە 11 کەسی سڤیل و شەڕڤانێکی هەسەدە لەگەڵ دوو پاسەوانی سایلۆی گوندی زەهرل عەرەب لە زرگان گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسی سڤیلیش برینداربوون؛ هەروەها 15 سەربازی حکومەتی سووریا کوژراون.  
 
رۆژی دووشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2022ش داوود گول، پارێزگاری دیلۆک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، لە ناوەندی شارۆچکەی گلگامش پێنج گوللـە هاوەن کەوتنە خوارەوە. 
 
سلێمانی سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان منداڵ بووە و یەکێکی دیکەشیان مامۆستا بووە. 
 
بەگوێرەی میدیای تورکیا، هێرشەکە لە رێگەی حەوت گوللـە تۆپەوە ئەنجامدرا. لە ناوەندی شارۆچکەی گلگامش مووشەکەکان بەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی و دوو ماڵ و بارهەڵگرێک کەوتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی: دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلوور دەڵێت، دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات