ئەردۆغان رەتیدەکاتەوە سوپای وڵاتەکەی چەکی کیمیایی دژی پەکەکە بەکارهێنابێت

22-10-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رەتیدەکاتەوە سوپای وڵاتەکەی چەکی کیمیایی دژی پەکەکە بەکارهێنابێت و دەڵێت، سکاڵا دژی ئەو کەسانە تۆماردەکەن ئاماژەیان بەو تۆمەتە کردووە و داوای قەرەبووکردنەوەیان لێدەکەن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن سوپای وڵاتەکەیەوە لە شەڕی دژی پەکەکە گوتی، لەبارەی بابەتە لەگەڵ خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا قسەی کردووە و گوتی، وەزیری بەرگریی "سکاڵای تۆمارکردووە، بەدڵنیاییەوە دەستبەرداری ئەمە نابین".
 
ئەردۆغان گوتی: "هێزە چەكدارەكانمان تائێستا پەنایان نەبردووەتەبەر بەكارهێنانی چەكی كیمیایی؛ هەموو ئەو هەنگاوانەیان گرتوونەتەبەر كە لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا رێگەپێدراون و بەردەوام دەبن لە گرتنەبەریان". 
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، ئەوە یەکەمجار نییە تۆمەتی لەو جۆرە ئاراستەی سوپای وڵاتەکەی دەکرێت. 
 
ئەم گوتانەی ئەردۆغان دوای ئەوە هاتن، هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، رۆژی سێشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2022 لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی 17 گەریلای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەو راگەیێندراوەی هەپەگە لە رۆژەڤی سیاسیی تورکیادا مشتومڕی نایەوە.
 
هەپەگە لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە سوپای توکیا لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان "دوو هەزار و 467 جار چەکی کیمیایی و چەکی قەدەخەکراوی دیکەی بەکار‌هێناوە".  
 
ئەو 17 گەریلایەی ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، 10یان خەڵکی شرناخ، مێردین، سێرت، ئامەد، وان و مووشن لە باکووری کوردستان؛ پێنج گەریلا خەڵکی کۆبانێ و قامشلۆن لە رۆژئاوای کوردستان، گەریلایەک خەڵکی ورمێیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کچە گەریلایەکیش خەڵکی سلێمانییە لە هەرێمی کوردستان و گوایە لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، سوپای تورکیا لە ساڵی 2021 دا لە ناوچەکانی سیانێ لە گارە، زەندورا لە مەتین، مام رەشۆ، گرێ سۆر، گرێ کارتاڵ، ئارس فارس و وەرخەلێ لە ئاڤاشینی باشووری کوردستان، 367 جار بە چەکی کیمیایی و چەکی قەدەخەکراو هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان و لەو هێرشانەدا 46 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.

بڕیارە ئەردۆغان سەردانی سووریا بکات و نوێژی هەینی لە دیمەشق بکات

بڕیارە سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی هەینی سەردانی شاری دیمەشق بکات و لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سووریا کۆببێتەوە و نوێژی هەینیش لە مزگەوتی ئومەوی بکات.