رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین بڕیاری حکومەتی تورکیا، کەمترین بڕەمووچە بۆ ساڵی 2025 بریتی دەبێت لە 22 هەزار و 104 لیرەی تورکی کە دەکاتە نزیکەی 630 دۆلار.
لیژنەی دیاریکردنی کەمترین بڕەمووچەی تورکیا بۆ ساڵی 2025 کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی حکومەت، کرێکاران و خاوەنکاران رۆژی (سێشەممە، 24-12-2024)، چوارەمین کۆبوونەوەی سازکرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنەکان لەسەر کەمترین بڕەمووچە بۆ ساڵی داهاتوو رێککەوتن.
ڤەدات ئشکهان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا گوتی:"کەمترین بڕەمووچە بۆ ساڵی 2025 بریتی دەبێت لە 22 هەزار و 104 لیرەی تورکی کە دەکاتە نزیکەی 630 دۆلار؛ هەروەها بڕی هاوکاری بۆ خاوەنکاران لە 700 لیرەی تورکییەوە (نزیکەی 20 دۆلار) بۆ 1000 لیرە (نزیکەی 28 دۆلار) بەرزکراوەتەوە".
هەر بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بریارەکە لە رۆژی یەکی کانوونی دووەمی 2025ـەەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هیچ خاوەنکارێک نابێت مووچەی کەمتر لە 22 هەزار و 104 لیرەی تورکی بە کارمەند و کرێکارێک بدات.
کەمترین بڕەمووچەی تورکیا لە کانوونی یەکەمی 2024 بە 17 هەزار و 2 لیرە دیاریکرا. تەمموزی هەمان ساڵ هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی بەرزبکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ