رووداو دیجیتاڵ
هێرش کرایە سەر بارەگای هوداپار لە پارێزگای ئەدەنەی تورکیا و ساجید پیشگین، سکرتێری رێکخستنەکانی پارتەکە لە ئەدەنە کوژرا.
هێرشەکە ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 22-7-2023) لە بارەگای هوداپار لە ئەدەنە روویدا. هوداپار لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردووەتەوە "هەریەک لە ساڵح دەمیر، سەرۆکی رێکخستنەکانی پارتەکەمان لە ئەدەنە و ساجیس پیشگین، سکرتێری رێکخستنەکانمان لە ئەدەنە، لە کاتی نوێژکردندا لە بارەگای پارتەکەمان بە چەقۆ لێیاندرا. ساجید پیشگین شەهید بوو".
هەر لە هێرشەکەدا ساڵیح دەمیر، سەرۆکی رێکخستنەکانی هوداپار لە ئەدەنە بریندار بوو.
هوداپار لە راگەیێندراوەکەدا "ئەنجامدەران و ئەو دەستەی لە پشت هێرشەکەیە"، بە نەفرەت دەکات و داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات "چی زووە ئەنجامدەران سزا بدات".
پۆلیس دوای رووداوەکە دوو گومانلێکراوی دەستگیرکردووە و دەستی بە لێپرسینەوە کردووە.
پارتی دۆزی ئازاد (ھوداپار)، پارتێکی ئیسلامی سوننی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. تائێستا بەشداری لە چوار هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی حوزەیرانی 2018ـدا هوداپار 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا کە 0.31٪ـی دەنگەکانی تورکیا بوو، هەروەها لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایاری ئەمساڵدا وەک ئەندامی هاوپەیمانیی جمهوور بەشدار بوو و 4 کورسیی پەرلەمانی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ