رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی یۆنان هەوڵی رێگرییان لە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە کایەی ئاسمانی ئیجە داوە، هێزە ئاسمانییەکانی تورکیاش بە چەندین فڕۆکەی جەنگییەوە لە ئاسمانی ئیجە ئامادەبوون بۆ رووبەڕووبوونەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی 19ی کانوونی یەکەمی 2022، مانۆڕێکی ئاسمانییان لە کایەی ئاسمانیی نێودەوڵەتیی ئیجە بەناوی NATO NEXUS ACE لە رێگەی 14 فڕۆکەی ئێف-16 و فڕۆکەیەکی جۆری HİK، فڕۆکەیەکی تانکەر لە جۆری KC-135 و فڕۆکەیەکی گەڕان و رزگارکردن لە جۆری CASA بەهاوئاهەنگیی لەگەڵ فڕۆکەی E3-A AWACSی ناتۆ ئەنجامدا.
راشیگەیاند، 24 کاژێر بەر لە ئەنجامدانی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکە لەگەڵ هێزەکانی ناتۆ، بە کۆدی ATO ئاگاداری یۆنان کراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی مانۆڕە ئاسمانییەکە، فڕۆکە جەنگییەکانیان لەلایەن رادارەکانی پێنج بنکەی ئاسمانیی یۆنانەوە لە رێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە خراونەتە نێو نیشانەی پێکان و خستنەخوارەوەیان.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا لەبارەی ئەو رەفتارەی یۆنان، بە کۆدی بەپەلە ئاگاداری فەرماندەیی هێزەکانی ناتۆیان کردووە، لە بنکە ئاسمانییەکانی داڵامان و ئاکهیسار بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکە جەنگییەکان و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی یۆنان، 20 فڕۆکەی جەنگییان رەوانەی کایەی ئاسمانیی کردووە.
فڕۆکە ئێف-16کانی تورکیا تاوەکو ئەوکاتەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی یۆنان بەگوشاری ناتۆ داخراون، بەردەوامبوون لە فڕین و ئامادەی فەرمانی رووبەڕووبوونەوە بوون.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە هێزەکانیان سەرباری هەڕەشەکانی یۆنان، مانۆڕە ئاسمانییەکەیان "بە سەرکەوتوویی" ئەنجامدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ