دەنگدان لە دەرەوەی وڵات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا دەستپێدەکات

19-05-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کە رۆژی 28ـی ئایار بەڕێوەدەچیت، لە دەرەوەی تورکیا دەنگدان دەستپێدەکات. 

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 19ـی ئایاری 2023، بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 20-24ـی ئایاری 2023 پڕۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی تورکیا بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژانە لە کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 21:00ـی شەو هاووڵاتییانی تورکیا لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە دەتوانن دەنگ بدەن. دەنگدان لە دەروازە سنوورییەکاندا تاوەکو رۆژی 28ـی ئایار بەردەوام دەبێت. 
 
بۆ گەڕی دووەم 167 بنکە لە 151 نوێنەرایەتیی تورکیا لە 73 وڵات سندووقی دەنگدان دادەنرێت. 
 
لە گەڕی یەکەمی دەنگدانی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیادا کە رۆژی 14ـی ئایار بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا کە لە هەمانکاتدا بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە، 49.5٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.9٪ـی دەنگەکانی بردەوە. 
 
هیچ کام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار 50 کۆ یەکی دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا، بەوهۆیەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کەوتە گەڕی دووەم.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە