ئیبراهیم تاتڵیسەس لەسەر لیستی ئاکپارتی خۆی بەربژێر دەکات

19-03-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن ئیبراهیم تاتڵیسەس هەڵبژاردنی تورکیا ئاکپارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەندی بەڕەچەڵەک کورد و بەناوبانگی تورکیا، ئیبراهیم تاتڵیسەس خۆی بۆ پەرلەمانتاری لەسەر لیستی ئاکپارتی بەربژێر دەکات. 
 
ئیبراهیم تاتڵیسەس رۆژی 18ـی مانگ بە میدیاکانی تورکیای راگەیاند، خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی رووهای باکووری کوردستان بۆ پەرلەمانتاری بەربژێر دەکات. 
 
ئەو هونەرمەندە تەمەن 71 ساڵە راشیگەیاند، رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای زۆر خۆشدەوێت و دەخوازێت لە ریزەکانی ئاکپارتیدا پاڵپشتی لە ئەردۆغان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش خۆی لە بازنەی رووها لەسەر لیستی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵ وەک بەربژێر تۆمارکرد. 
 
لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، ئیبراهیم تاتڵیسەس چوار جار ویستوویەتی خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی بەربژێر بکات. لە دوایین سەردانی ئەردۆغانیشدا بۆ رووها بەمەبەستی کردنەوەی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری، تاتڵیسەس لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوو و گۆرانی چڕی. 
 
رۆژی 10ـی ئاداری 2023، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، وادەی هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا ئاشکراکرد و گوتی "بڕیارمدا هەڵبژاردنەکان لە رۆژی 14ـی ئایاری ئەمساڵ بکرێت".
 
بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا، چوار بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمار و چوار هاوپەیمانی هەن و 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان دەبێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە