رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئاکسارای تورکیا پاسێکی گەشتیاری وەرگەڕا و لە ئەنجامدا 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 34 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی سەرەکیی ئەنقەرە - ئاکسارای روویدا؛ دوای ئەوەی شۆفێرەکە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستدا، پاسەکە وەرگەڕا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی رووداوەکە 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 34 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش شۆفێرەکە لەلایەن هێزەکانی جەندرمەوە دەستگیر کرا.
محەممەد عەلی کومبوزئۆغڵو، پارێزگاری ئاکسارای پەیوەندیدار بە رووداوەکە رایگەیاند، ''بە داخەوە لەم رووداوی هاتووچۆیەدا 6 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستدا. بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی ئاکسارای کراون. لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە''.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە کە تێیاندا هەزار و 533 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 هەزار و 646 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ