رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری سەرۆکایەتی کۆمار لە هاوپەیمانی جمهوور دەڵێت: "دوای ئەوەی کڵچدارئۆغڵو بۆی دەرکەوت کورسییەکەی لەدەست دەدات، زمانێکی ژەهراوی سیاسیی بەکاردەهێنێت".
رۆژی پێنجشەممە، 18ی ئایاری 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی ئاکپارتی گوتارێکی پێشکێشکرد. ئەردۆغان رایگەیاند، شەوی 14ی ئایار پەیامەکانی ئۆپۆزسیۆن دنەدان بوو، هەمان پەیام لە پرۆسەی داهاتووی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنیش بەکاردەهێنن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "کڵچدارئۆغڵو دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کورسییەکەی لەدەستدەدات زیاتر ناشرین بووە و زمانێکی ژەهراویی سیاسیی بەکاردەهێنێت. لە هەوڵی ئەوەدایە وڵات و گەلیش پەلکێشی تاریکی خۆی بکات. هەرگیز ناتوانێت بۆ ناو ئەم یارییەوە پەلکێشمان بکات. هەڵویستی خۆمان تێک نادەین و پارێزگاری لە ئارامیمان دەکەین. هاوشێوهی 21 ساڵی رابردوو خەریکی کار و چالاکییەکانمان دەبین و بە رۆژەڤی خۆمانەوە سەرقاڵ دەکەین".
بەربژێری هاوپەیمانی جمهوور، جەختی لەوە کردەوە، خاوەنداری سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و دەرفەت نادەن دەنگی هاووڵاتییان بەفیرۆبچێت و گوتیشی: "بارمان قورسە، بەرپرسیارێتیمان گەورەیە، ئەرکمان زەحمەتە. لە دڵەوە بڕوام وایە کە هەر هاوڕێیەکمان لێرە بە دڵسۆزانە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجی دەکەن".
لە هەڵبژاردنی رۆژی 14ی ئایاری 2023دا رەجەب تەییب ئەردۆغان: %49.3 و کەمال کڵچدارئۆغڵو: %44.9 و سینان ئۆغان: 5.21%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنابوو. بەهۆی ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکان %50+1ی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ گەڕی دووەم دواخرا و هەریەک لە ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو بەهۆی ئەوەی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنابوو، بۆ گەڕی دووەم مانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ