رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی جەهەپە رایدەگەیێنێت، ئەوان لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا جیاواز لە ئاکپارتی بیردەکەنەوە و دەڵێت، ئەگەر کێشەی کورد هەبێت، تاکە پارت کە بتوانێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکات، جەهەپەیە. دەشڵێت، دڵنیان لەوەی کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەدا سیستمی سیاسی دەگۆڕن و هەڵبژاردن لە ئاکپارتی دەبەنەوە.
ئونال چەڤیکۆز، پەرلەمانتاری جەهەپە و باڵیۆزی پێشووتری تورکیا لە بەغدا و لەندەن، لە واشنتن دی سی لەبارەی کێشەکانی جەهەپە لەگەڵ ئاکپارتی، هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکە، پرسی کورد لە تورکیا و ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و چەند پرسێکی دیکە قسەی بۆ دیار کوردە، پەیامنێری رووداو کرد.
لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا، ئونال چەڤیکۆز رایگەیاند، "ئەگەر کێشەیەکی کورد هەبێت، هەروەها ئەگەر پرسێکی کورد لە تورکیا هەبێت، تاکە پارتی سیاسی کە بتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، پارتی جەهەپەیە، دڵنیاشم لەوەی کە کاری لەسەر دەکەین و سەرکەوتووش دەبین، بەڵام پێویستە چاوەڕێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەین."
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەیشەوە باسی لەوە کرد، "بە سەختی" کار بۆ ئەوە دەکەن کە هەڵبژاردنەکە لە ئاکپارتی ببەنەوە و گوتی، "ئێمە بە تەواوەتی دڵنیاین لەوەی کە ئەم سیستمەی ئێستا دەگۆڕین."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ئونال چەڤیکۆز، پەرلەمانتاری جەهەپە:
رووداو: باڵیۆز، ئێوە گەشبینین بەوەی ئەم هەڵبژاردنەی کە بەڕێوەیە لە ئاکەپە ببەنەوە؟
ئونال چەڤیکۆز: بەڵێ، ئێمە بە تەواوەتی دڵنیاین لەوەی کە ئەم سیستمەی ئێستا دەگۆڕین ئەمەش لە رێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیدا، ئاکەپە لە رێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسی هاتووەتە دەسەڵات و هەروەها لە رێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیش دەسەڵات بەجێدەهێڵن و ئێمەش متمانەمان هەیە کە هەڵبژاردنەکە دەبەینەوە و زۆر بە سەختیش کار بۆ ئەمە دەکەین.
رووداو: ئێوە هیچ هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشتان لەگەڵ هەدەپەدا هەیە، بۆچی هەدەپەتان بانگهێشتی هاوپەیمانییەکەتان نەکردووە، هیچ کێشەیەکتان لەگەڵیاندا هەیە؟
ئونال چەڤیکۆز: هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هەدەپەدا نییە، هەدەپە پارتێکی یاساییە کە بە هەڵبژاردن گەیشتوونەتە پەرلەمانی تورکیا، هەروەها بەرێز کەمال کلچدار ئۆغلۆ بە روونی رایگەیاندووە کە هەدەپە ئەکتەرێکی یاساییە، هاوکات هەرشتێک کە پەیوەندی بە کێشەی کوردەوە هەیە، دەبێت لە رێگەی ئاشتەوایی و لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەربکرێت، بۆیەش پێموایە لەم روانگەیەوە هەدەپە هاوشانێکی سیاسییە، هاوشانێکی یاسایشە.
رووداو: ئەگەر هەڵبژاردنەکە ببەنەوە، چۆن پرسی کورد چارەسەر دەکەن لە تورکیا، رێگە دەدەن زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی لە تورکیا؟
ئونال چەڤیکۆز: ئەمە پرسێکە تەنیا ئەوکاتە دێتە سەر مێزی گفتوگۆ و نێو ئەجێنداکە کاتێک هەڵبژاردن کرا، پێموانییە ئەم پرسە بەشێک بێت لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، ئەمانە هەموو ئەو پرسانەن کە لەدوای هەڵبژاردنەوە گفتوگۆیان لەوەبارەوە دەکەین.
رووداو: روانینی پارتەکەی ئێوە سەبارەت بە پرسی کورد چییە، ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەم سیاسەتەی ئێستای ئاکەپە بەرامبەر بە پرسی کورد لە تورکیا؟
ئونال چەڤیکۆز: کەمال کلچدار ئۆغلۆ، سەرۆکی پارتەکەی من بە روونی رایگەیاندووە ئەگەر کێشەیەکی کورد هەبێت، هەروەها ئەگەر پرسێکی کورد لە تورکیا هەبێت، تاکە پارتی سیاسی کە بتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، پارتی جەهەپەیە، دڵنیاشم لەوەی کە کاری لەسەر دەکەین و سەرکەوتووش دەبین، بەڵام پێویستە چاوەڕێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەین.
رووداو: ئەی بۆچوونتان لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق چییە؟
ئونال چەڤیکۆز: ناتوانم هیچ شتێک لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵێم، بەڵام سەبارەت بە پارتەکەی خۆم، رەنگە لەبیرتان بێت لە مانگی ئەیلوول شاندێکی جەهەپە سەردانی هەولێریان کرد، چووینە لای هەموو پارتە سیاسییەکانی ئێستای نێو حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەهیچ شێوەیەک هیچ جیاکارییەکمان نەکرد، گفتوگۆمان لەگەڵ پارتی، یەکێتی و هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان کرد و هەروەها لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەش وەک پێکهاتەکانی کریستیانەکانیش کۆبووینەوە، بۆیە پێموابێت سەردانێکی زۆر سەرکەوتووبوو، ئەوەی کە گرنگیشە پەیوەندییەکانی جەهەپە باشە لەگەڵ هەموو کورد و دراوسێکانمان کە لە باشووری وڵاتەکەماندا دەژین.
رووداو: دوایین پرسیارم لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیایە بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەڵوێستی ئێوە لەوبارەوە چییە، ئایە ئێوەش شوێن پێی هەمان سیاسەت دەکەون کە دەسەڵاتان لە تورکیا گرتە دەست؟
ئونال چەڤیکۆز: خۆت دەزانی، ساڵی رابروو کە دوایین پڕۆژەیاسا لەبارەی درێژکردنەوەی مانەوەی هێزی سەربازی تورکیا هاتە پەرلەمان، جەهەپە لە دژی دەنگیدا، پێشموایە ئەمەش ئاماژەیەکە کە جیاوازییەک لە بۆچوون لەنێوان ئاکەپە و جەهەپەدا لەو رووەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ