رووداو دیجیتاڵ
حەوت پەنابەری سووریا، کە لە بوومەلەرزەکەی مەڕەش رزگاریان ببوو، بە سەردان دەچنە ماڵی ناسیاوێکیان لە شارۆچکەیەکی پارێزگای کۆنیا، بەڵام خانووی خانەخوێیەکە ئاگری گرت و بەوهۆیەوە هەر حەوتیان گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی خاوەن ماڵەکەش بریندار بوون.
رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 17ی شوباتی 2023 لە گەڕەکی یەدیلەر لە شارۆچکەی کاراتای سەر بە پارێزگای کۆنیا روویدا.
ئەو خانووەی ئاگری گرتووە، ماڵی پەنابەرێکی سووریایی تێدایە، ئەوانەشی سەردانی ماڵەکەیان کردبوو، هەر پەنابەرانی سووریا بوون.
هەرچەندە تیمێکی زۆری پۆلیس و ئاگرگوژێنەوە و تیمی خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی 112 رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران، بەڵام لە کاتی سەرقاڵبوونی تیمەکان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە، سەقفی خانووەکە رووخا، تیمەکان دوای لابردنی پاشماوەی سەقفە رووخاوەکە تەرمی حەوت کەسیان دەرهێنا، تەرمەکان گواسترانەوە بەشی هەڵگرتنەوەی تەرم لە نەخۆشخانەی کۆنیا.
تیمەکان هەروەها دوو برینداری خاوەن ماڵەکەیان گواستەوە نەخۆشخانە.
ئەو حەوت کەسەی گیانیان لەدەستداوە نیشتەجێی شارۆچکەی نوورداخی سەر بە پارێزگای دیلۆک بوون، بە سەردان چووبوونە ماڵی ناسیاوەکەیان.
شارۆچکەی نوورداخی لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، هیچ کام لە باڵەخانە و خانووەکانی بەکەڵکی نیشتەجێبوون نەماون و بڕیارە سەرجەم خانوو و باڵەخانەکانی شارەکە تێکبدرێن و شارەکە جارێکی دیکە بنیات بنرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ