رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا "نیگەران"ی خۆی لەبارەی بڕیاری دادگەی تورکیا دەربڕی بۆ سزادانی ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆکشارەوانی ئیستەنبووڵ بە دوو ساڵ و حەوت مانگ زیندانیکردن و قەدەخەکردنی سیاسەت لێی و بە کارێکی "ناڕەوا"ی دەزانێت.
رۆژی پێنجشەممە 15-12-2022، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی سزادانی ئەکرەم ئیمامۆغڵو لەلایەن دادگەی تورکیاوە بڵاوکردەوە. لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، "تاوانبارکردنی [ئەکرەم ئیمامۆغڵو] لەگەڵ رێز بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکان و جێبەجێکردنی یاسادا یەکناگرێتەوە."
ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەیدا باسی لەوەش کردووە، زۆر نیگەرانی ئەو "تووندوتیژییە دادگەیی"ـەن کە لە تورکیا رووبەڕووی کۆمەڵگەی مرۆیی، میدیا و سەرکردە سیاسییەکان و بازرگانەکان بووەتەوە. یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانیشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، ئەو کەسانەی دەستگیردەکرێن ماوەی مانەوەیان لە زینداندا پێش دادگەییکردن بۆ درێژ دەکرێتەوە.
زۆربەی ئەو کەسانەی تورکیا بە تەمومژاوی دەستگیریان دەکات، تۆمەتی تیرۆر و پێشێلکارییان دەدرێتە پاڵ.
رۆژی چوارشەممە 14-12-2022، دادگەی تورکیا بە تۆمەتی رەخنەگرتن لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆکشارەوانیی ئیستەنبووڵی بە 2 ساڵ و حەوت مانگ زیندانیکردن سزادا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "خەڵکی تورکیا شایەنی ئەوەن بتوانن مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکانیان پراکتیزە بکەن بەبێ ترسی تۆمەتبارکردن."
هاوکات ئەمریکا داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە، "دەستگیرکردنی ناڕەوا لە ژێر ناوی یاسای پێشێلکاری دا بوەستێنێت و رێز لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی تورکیا بگرێت و سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی ئاشکرا دابمەزرێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ