رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بە تویتێک وەڵامی بەشێک لە میدیای رۆژئاوای دایەوە کە لە چەند رۆژی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا باسیان لەوە دەکرد، زۆر رێگەی تێ دەچێت ئەردۆغان بدۆڕێت.
ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر وشەی "بای بای" نووسیووە و لەژێر "بای بای"ەکەش بەرگی ژمارەیەکی گۆڤاری داناوە کە لە وڵاتانی رۆژئاوا دەردەچن و هەمووشیان لە دوایین وەشانیاندا باسیان لەوە کردبوو کە زۆر رێگەی تێدەچێت ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنێت.
بەرگی ئەو گۆڤارانەی ئیبراهیم کاڵن دایناون بریتین لە پرۆفیلی نەمسایی، شپیگڵی ئەڵمانی، پۆینتی فەرەنسی، ئیکسپرێسی فەرەنسی، ئیکۆنۆمیستی بەریتانی، شتێرنی ئەڵمانی.
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ئەردۆغان چەند جارێک باسی لە گوتاری میدیای رۆژئاوا کرد و بە دەستوەردان، هەوڵی شێواندنی راستییەکان و کاریگەریی خستنە سەر بۆچوونی دەرنگدەران ناوی برد.
رۆژی 14ی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا رەجەب تەیب ئەردۆغان %49.3ی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵو %44.9ی دەنگەکان و سینان ئۆغان %5.21ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. هەربۆیەش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار رۆژی 28ی ئەم مانگە و لە گەڕی دووەمدا یەکلایی دەکرێتەوە و بەربژێرەکانیش بریتین لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵچدارئۆغلو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ