یەسەپە هەر سێ کورسییەکەی جۆلەمێرگی بردەوە و ئاکپارتیش تانە لە ئەنجامەکە دەدات

16-05-2023
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)، هەر سێ کورسییەکەی پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستانی بردووەتەوە، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی جۆلەمێرگ داوە، یەسەپەش بۆ پاراستنی دەنگەکانی "ئێشکگریی دیموکراسی" راگەیاندووە. 
 
لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایار، یەسەپە رێژەی 64.05٪ ـی دەنگەکانی پارێزگای جۆلەمێرگی بەدەستهێناوە کە 95 هەزار و 200 دەنگە، بەمەش هەرسێ کورسییەکەی پەرلەمانی لەو پارێزگایەدا بردووەتەوە. 
 
ئاکپارتی بە بەدەستهێنانی 29 هەزار و 357 دەنگ، رێژەی 19.75٪ و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـش 9 هەزار و 915 دەنگی بردووەتەوە، کە دەکاتە 6.67٪ـی دەنگەکانی جۆلەمێرگ، بەڵام هیچ کورسییەکیان بەدەستنەهێناوە.
 
لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا لە پارێزگای جۆلەمێرگ کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانی میللەت 109 هەزار و 148 دەنگی بردووەتە کە دەکاتە 72.32٪ ـی دەنگەکان، لەبەرامبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکپارتی و بەربژێری هاوپەیمانی جمهوور بۆ سەرۆککۆماری تورکیا، 37 هەزار و 188 دەنگی بردووەتەوە کە 24.64٪ـی دەنگەکان پێکدەهێنێ.
 
سەرۆکایەتیی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە جۆلەمێرگ رۆژی دووشەممە 15ـی ئایار لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ناوەندی شار و شارۆچکەکانی جۆلەمێرگ داوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ژمارەیەکی زۆر دەنگی بەکۆمەڵ بەکارهێندراون بەجۆرێک کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بکات، هەروەها "لە شوێنی ئەو دەنگدەرانەی نەچوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەنگ دراوە، بەو هۆیەوە تانەمان لە ئەنجامەکان داوە و بەردەوامیش دەبین لە تانەدان".  
 
یەسەپە دەڵێ، عەبدولموتەڵیب ئۆزبەک، بەربژێری ئاکپارتی لە جۆلەمێرگ دوای تەواوبوونی ژماردنی دەنگەکانی دەرەوەی تورکیا لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی پارێزگا، دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ پارێزگاری جۆلەمێرگ کردووە، بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی دوای ئەو دیدارە بڵاوبوونەتەوە بۆ پاراستنی دەنگەکانی، "ئێشکگری دیموکراسی" راگەیاندووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە