ئاکپارتی: نامانەوێت لە قووڵایی 30 کم لەنێو سووریا و عێراقدا هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی هەبێت

15-11-2024
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) دەڵێت، هەر مەترسییەک لە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لەو دیوی سنووری وڵاتەکەیانەوە ببینن، ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەنجام دەدەن.
 
رۆژی هەینی 15-11-2024 عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی لە ئەنقەرە لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیوی سنووری وڵاتەکەی گوتی، "چەند ساڵێک لەمەوپێش کاتێک بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک دەدرا، پلانی بۆ دادەنرا. دوای هەفتەیەک، 10 رۆژ، مانگێک یان 3 مانگ، ئۆپەراسیۆنی زەوینی دەکرا. بەڵام ئێستا بەو جۆرە نییە و هەر دوای ئەوەی سەرۆککۆمارمان رێنوێنی دەردەکات، ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆن جێبەجێ دەکرێن."
 
چەلیک گوتیشی، "نامانەوێت تاوەکو قووڵایی 30 کیلۆمەتر دوور لە سنووری وڵاتەکەمانەوە لەنێو سووریا و عێراقدا هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی ببینین. لە قووڵایی 30 کیلۆمەتردا هەر پێکهاتەیەک و چالاکییەک ببینین، وەک مەترسی هەژماری دەکەین و ئەو ئۆپەراسیۆنەی پێویست بێت ئەنجام دەدرێت."
 
گوتەبێژی ئاکپارتی گوتیشی، رژدن لەسەر پاراستنی سنوورەکانیان لە قووڵایی 30 کیلۆمەتر، "پێشتریش لە ئۆپەراسیۆنی قەڵخانی فورات (ئۆپەراسیۆنی ساڵی 2016 بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باکووری سووریا بۆ سەر داعش) تاوەکو ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون (ئۆپەراسیۆنی ساڵی 2018ی سەر هەرێمی عەفرین)، کاتێک مەودای ئەو 30 کیلۆمەترە پێشێل دەکرا، هەوڵی دروستکردنی چەند دەوڵەتۆچکەی تیرۆر و تیرۆریستانێک دەدرا."
 
تورکیا سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
 
ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی باب، راعی و عەزازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکرد. تورکیا باسی لەوەکرد ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
 
هەروەها رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی ''چڵە زەیتوون'' لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگری لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکی دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
 
سوپای تورکیا هەروەها رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.
 
هەروەها چەندین ساڵە تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر پێگەکانی پەکەکە دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە