رووداو دیجیتاڵ
بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە 5 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی دەم پارتی، ئیی پارتی و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، وەزارەتی دادی تورکیا دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 15ی تشرینی دووەمی 2024، پێنج دۆسیەی تاوان دژی سێ پەرلەمانتاری دەم پارتی، پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دۆسیەکان دژی هەریەک لە جەنگیز چاندار، سەباحات ئەردۆغان ساریتاش و سالیحە ئایدەنیزی پەرلەمانتارانی دەم پارتی؛ بوراک ئاکبوراک، پەرلەمانتاری ئیی پارتی و یوکسەل ئارسلان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ تۆمارکراون.
لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، لەم خولەی پەرلەماندا 763 دۆسیەی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی پێشکێشکراون کە 527یان دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش 101 دانەیان دژی سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری بازنەی مێردین تۆمارکراون.
لە ئایاری 2023دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ