رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیایان بە "سەرکەوتنی دیموکراسی" ناوبرد.
رۆژی دووشەممە 15ی ئایاری 2023، چارلس میشیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا و ئۆرسلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا رایانگەیاند، بەڕێوەچوونی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاماژەیەکی روونە کە خەڵکی تورکیا دەیانەوێت مافە دیموکراسییەکانیان فەراهەم بکەن و بە بایەخیشەوە تەماشای دامودەزگە دیموکراسییەکانی ئەو وڵاتە بکەن.
ئۆرسلا ڤۆندەرلاین لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە کە رۆژی یەکشەممە 14ی ئایار بەڕێوەچوو، گوتی: "ئەوە ئاماژەیەکی روونە کە خەڵکی تورکیا پابەندن بە پڕاکتیزەکردنی مافە دیموکراتییەکانیان و بە بەهاوە سەیری دامودەزگە دیموکراسییەکانیان دەکەن."
لە درێژەی قسەکانیدا، ڤۆندەرلاین دەڵێت: "هەڵبژاردنەکە هێشتا کراوەیە و دەبێ چاوەڕێی گەڕی دووەم بکەین، ئێمەش لەنزیکەوە چاودێریی دەکەین."
هەروەها چارلس میشیل پیرۆزبایی لە گەلی تورکیا کرد بەوەی بە رێژەیەکی زۆر بەشدارییان تێدا کرد و دەنگیاندا، بەڵام هیچ کام لەو دوو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی ئەوروپا ئامادەنەبوون قسە لەسەر پرۆسەی درێژخایەنی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بکەن.
یەکەمجارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا دەچێتە گەڕی دووەم، کە بڕیارە لە 28ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، ئەمەش لە دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، هیچ یەکێک لە بەربژێران نەیانتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەستبهێنن و رەجەب تەیب ئەردۆغانی تەمەن 69 ساڵی بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 49.40٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.96٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
ئەنقەرە لە ساڵی 1987، بە فەرمی داوای پێشکێشکرد بۆ ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا و یەکێتییەکەش لەساڵی 1999 داواکەی تورکیای پەسندکرد بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پڕۆسەیەوە و پرۆسەی گفتوگۆکردنیش لەساڵی 2005 دەستیپێکرد، بەڵام گفتوگۆکان بێ بەرهەم بوون.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا، پەیوەندییەکی ئاڵۆزیان لەگەڵ ئەردۆغان هەبووە، کە ناوبراو لەساڵی 2003وە سەرکردایەتی تورکیا دەکات و ئەوروپییەکان رەخنەیان لە دەسەڵاتی تورکیا گرتووە بەوەی لە ریفۆرمە دیموکراسی و دادوەرییەکان پاشەکشێی کردووە.
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەڵێنیدابوو کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بێت و ببێتە سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکان لەگەڵ بڕۆکسل باشتر دەکات و دەست بە گفتوگۆکان بۆ ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ