رووداو دیجیتاڵ
دەستەی چاودێری یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند، هەڵبژاردنی تورکیا بە رێکوپێکی بەڕێوەچوو، بەڵام پارتی دەسەڵات بەردەوامبووە لە سنووردارکردنی ئازادی رۆژنامەڤانی و گردبوونەوەی خەڵک.
رۆژی دووشەممە 15ـی نیسانی 2023، مایکڵ جۆرج لینک، سەرۆکی دەستەی چاودێری یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند، هەڵبژاردنەکە "پێشبڕکێکارانە بوو، بەڵام لە هەمانکاتدا سنووردارکراویش بوو. بەتاوانبار ناساندنی چەند پارتێکی سیاسی و دەستگیرکردنی چەند سیاسەتمەدارێکی ئۆپۆزیسیۆن رێگەی لە فرەڕەنگی هەڵبژاردنەکە گرت." گوتیشی، "دەستێوەردانی سیاسی لە هەڵبژاردنەکان هاوتا نییە لەگەڵ پابەندی نێودەوڵەتیی تورکیا."
فرانک شواب، ئەندامی شاندی یەکێتیی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی تورکیا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "دیموکراسییەتی تورکیا سەلماندوویەتی کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر خۆڕاگرە و بژاردەیەکی راستی خستە بەردەم خەڵک. بەڵام تورکیا بنەما دیموکراسییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دیموکراسی نییە."
شواب گوتیشی: "کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان تەنانەت دوای بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپاش لە زینداندان، ئازادی میدیا بە تووندی سنووردار کراوە. تورکیا رێگەیەکی دوورودرێژی بۆ دروستکردنی هەلومەرجی بانگەشەی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە دیموکراسییانە لە پێشە."
رۆژی 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، هیچ یەکێک لە بەربژێران نەیانتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەستبهێنن و رەجەب تەیب ئەردۆغانی تەمەن 69 ساڵی بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 49.40٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.96٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ