رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شانۆگەرییەک بە زمانی لە ئیستەنبووڵ لەلایەن قایمقامیەتی گازی عوسمان پاشا قەدەخەکرا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رەخنەی لە حکومەت گرت.
لەکاتێکدا کە چەند کاژێرێک مابوو بۆ وادەی نمایشکردنی شانۆگەرییەکە ئیمامئۆغڵو قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی: دەڵێن ئەو شانۆگەرییە پروپاگەندە بۆ رێکخراوی تیرۆرستی دەکات. باشە خۆ هەر هەمان ئەو شانۆگەرییە لەلایەن تیپی شانۆی دەوڵەتەوە ساڵی 2014 نمایشکراوە. هەر لەلایەن هەمان گرووپەوە بە زمانی کوردی لانیکەم 20-30 جار نمایشکراوە. شتی وەها نابێت".
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بڕیاری قەدەخەکردنی شانۆگەرییە کوردییەکەی بە کارێکی "هەڵە و خراپ ناوبرد" و گوتی ئەو شانۆگەرییە پێشتر بە زمانی تورکی پێشکێشکراوە و ئێستاش بە زمانی کوردی پێشکێشدەکرێت.
ئیمامئۆغڵو بە پێویستی زانی لەکاتی دەرکردنی ئەو بڕیارانە هەستیارانەتر بیربکەنەوە. رەخنەشی لەوە گرت کە پێشتر عوسمان ئۆجەلانیان هێناوەتە سەر شاشەی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی دەوڵەت، کەچی ئێستا شانۆگەریی کوردی قەدەخە دەکەن. ئیمامئۆغڵو لەمبارەیەوە گوتی: "دەرکەوتن و روونکردنەوەی ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆرستی کە بە بوڵتەنی سوور داواکراوە، لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی رێگەپێدراوە، بەڵام پێشکێشکردنی شانۆگەرییەک بە زمانی کوردی قەدەخەیە".
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو نیگەرانیی خۆی بۆ ئەم جۆرە هەنگاوانە نیشاندا و هەموو هۆکارەکانی قەدەخەکردنی شانۆگەرییەکەی بە بیانووی بێبنەما ناوبرد.
لەبارەی هەڵوێستی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بۆ ئەو چالاکییانەی بە زمانی کوردی پێشکێش دەکرێن ئیمامئۆغڵو رایگەیاند کە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ موڵکی 16 ملیۆن ئیستەنبووڵییە و لەسەریانە زەمینەسازی بۆ کولتوور و هەستی هەموو چین و توێژەکان بکەن.
شانۆگەری "بێڕو" کە بڕیاربوو شەوی سێشەممە 13ی تشرینی یەکەم بە زمانی کوردی لە هۆڵی "شانۆگەرییەکانی شار" کە سەربە گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵە نمایش بکرێ، قەدەخە کرا. ئەگەر پێشکێشبکرایە دەبوو بە یەکەمین نمایشی شانۆگەری کوردی لە مێژووی 106 ساڵەی دامەزراندنی شانۆگەرییەکانی شار لە تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ