رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی تورکیا دەڵێت، زیاتر لە 242 هەزار قوتابی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا لە قوتابخانەی پارێزگاکانی دیکەدا دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە.
مەحموود ئۆزەر، وەزیری پەروەردەی تورکیا رۆژی سێشەممە لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتەوە 242 هەزار و 904 قوتابی لەسەر خواستی خۆیان و خێزانەکانیان و بە پاڵپشتیی وەزارەت، مامەڵەیان بۆ کراوە و گوێزراونەتەوە قوتابخانەی پارێزگەکانی دیکە و دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە.
مەحموود ئۆزەر رایگەیاند، 33 هەزار و 142 قوتابی گوێزراونەتەوە قوتابخانەکانی ئەنقەرە؛ 22 هەزار و 300 قوتابی گوێزراونەتەوە بۆ قوتابخانەکانی مەرسین؛ 21 هەزار و 832 قوتابی چوونەتە قوتابخانەکانی ئەنتالیا؛ 18 هەزار و 452 قوتابی چوونەتە قوتابخانەکانی ئیستەنبووڵ؛ 13 هەزار و 181 قوتابی لە قوتابخانەکانی کۆنیا؛ 9797 قوتابی لە قوتابخانەکانی ئیزمیر؛ 8016 قوتابی لە قوتابخانەکانی قەیسەری؛ 7466 قوتابی لە قوتابخانەکانی بورسا؛ 6674 قوتابی لە قوتابخانەکانی موغڵا؛ 5260 قوتابی لە قوتابخانەکانی ئایدن؛ 5097 قوتابی لە قوتابخانەکانی خارپێت و 91 هەزار و 687 قوتابی لە پارێزگاکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستاندا دەستیان بە پرۆسەی خوێندن کردوەتەوە.
وەزیری پەروەردەی تورکیا گوتی، 295 قوتابخانەیان لە 10 پارێزگا بوومەلەرزەلێدراوەکە بەشێوەیەکی کاتی کردووەتەوە کە 127 قوتابخانە بنەڕەتی و 168 قوتابخانەش ناوەندین.
پرۆسەی خوێندن لە پارێزگاکانی ئادانا، کیلیس، ئامەد، رووها، دیلۆک و عوسمانییە لە رۆژی 13ی ئادارەوە دەستیپێکردەوە و بڕیارە رۆژی 27ی ئاداریش پرۆسەکە لە پارێزگاکانی سەمسوور، مەلەتێ، مەرەش و هاتای دەست پێبکات.
رۆژی 7ی شوباتی 2023، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پشووی فەرمی لە تەواوی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان راگەیاند.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانیی رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 48 هەزار و 448 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 115 هەزار کەس برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ