رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-11-2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی تاکسیمی ئیستەنبووڵ روویدا.
بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک بریندار هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا باس لە گیانلەدەستدان نەکراوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و شەقامەکەیان بەڕووی هاتووچۆدا داخستووە.
عەلی یەرلیکایا، پارێزگاری ئیستەنبووڵ تویتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "ئەمڕۆ کاژێر 16:20 لە ناوچەی بێیئۆغڵو - شەقامی ئیستقلالی تاکسیم تەقینەوەیەک روویدا. تیمەکانی ئاسایش، ئەمبوڵانس، بەرگریی شارستانی و ئافاد گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. زیانی گیانی و بریندارمان هەن."
پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە تویتێکی دیکەدا ئامارەکانی خستەڕوو و وەک ئەو دەڵێت، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 38 کەسی دیکەش برینداربوون.
هەروەها ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ تویتێکی کرد کە تێیدا نووسیویەتی: "زۆر گرنگە لە شوێنی تەقینەوەکەدا پۆلیس و ئاسایش هاوکار بن بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و نەهێشتنی ترس و دڵەڕاوکێ. تیمەکانمان لەوێن و کاری پێویست دەکەن."
ساتی تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان 11 کەس بریندار بوون. pic.twitter.com/4YSXUAuqrs
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 13, 2022
ئیستیقلال یەکێکە لە بەناوبانگترین شەقامەکانی ئیستەنبووڵ لە تورکیا کە دەکەوێتە ناوچەی بییئۆغڵۆ. لە وەرزی گەشتیاریدا ئەو شەقامە رۆژانە 3 ملیۆن گەشتیاریدا پێدا تێدەپەڕن. درێژییەکەی 1.4 کیلۆمەترە و تێیدا دووکانی میوزیک، کتێبفرۆش، گەلەریی ھونەری، سینەما، شانۆ، کتێبخانە، کافتێریا، یانەی شەوانە، خواردنگە، شیرینی فرۆش و میوزیکی راستەوخۆ ھەیە.
عومەر سۆنمەز، پەیامنێری رووداو لە شوێنی تەقینەوەکەدا رایگەیاند: تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکە ئامادەن. لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە شەقامەکە داخراوە و رێگە بە هاتووچۆی خەڵک نادەن.
پەیامنێری رووداو گوتی، هۆکاری تەقینەوەکە هێشتا ئاشکرا نەکراوە کە ئایا تەقینەوەکە خۆکوژیی بووە یان بۆمب بووە. ئەوەی شایەدحاڵەکان باسی لێوە دەکەن، تەنیا گوێیان لە دەنگێکی زۆر بەهێز بووە.
شەش ساڵ پێش ئێستا بە دیاریکراوی لە پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 19-3-2016 كاژێر 12:50 خولەك بەكاتی هەولێر كردەوەیەكی خۆكوژی لە شەقامی ئیستقلال لەنێو جەرگەی ئیستەنبووڵ روویدا و بەهۆیەوە 5 كوژراو و 36 برینداری لێكەوتەوە.
شەقامەکە دەور دراوە بە تەلار و باڵەخانەکانی سەردەمی عوسمانی کە زۆربەیان میراتی سەدەکانی 19 و 20من.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ