رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی سەربازێكی وڵاتەکەی لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، رۆژی هەینی 11ی ئەیلوولی 2020 لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی یڵدرم -10 کە لە سنووری پارێزگای وان بەڕێوەدەچێت، لە ناوچە شاخاوییەکانی شارۆچکەی شاخ شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە روویداوە. لە شەڕەکەدا فەرماندەیەکی جەندرمە و دوو سەرباز لە هێزەکانی جەندرمە کوژراون و موقەدەمێک بریندار بوو.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماژە بەوەدراوە، لە شەڕەکەدا سێ گەریلا کوژراون.
چیدەم کارائاسڵان، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی ئاکپارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناوی سەربازە کوژراوەکانی بڵاوکردووەتەوە.
میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە خۆجیییەکانی ناوچەکە بڵاویانکردووەتەوە، ژمارەیەکی زۆرتر لە سەربازی تورکیا لەو شەڕەدا کوژراون.
ناوەندی راگەیاندی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو شەڕە بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ