دەوڵەت باخچەلی: دادگەی دەستووری بووەتە باخچەی دواوەی پەکەکە

12-03-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە دادگەی دەستووریی تورکیا تۆمەتبار دەکات بەوەی بووەتە "باخچەی دواوەی پەکەکە" و دەڵێت، پێویستە ئەندامانی ئێستای ئەو دادگەیە نەهێڵدرێن.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ئێوارەی رۆژی شەممە 11ی ئاداری 2023 دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و پەرلەمانتارانی پارتەکەی لە ئەنقەرە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "دادگەی دەستووری بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بەوەی هەدەپە بودجەی خۆی وەربگرێت و دیسانەوە قاسەی گەنجینەی بەڕووی هەدەپەدا کردەوە. ئەو ئەندامانەی دادگە کە دەنگیان بەو بڕیارە دا، گوێیان لە دەنگی ویژدانیان نەگرت، بەڵکو گوێیان لە دەنگی ناپاکی گرت."
 
مەهەپە، کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە و پێکەوە هاوپەیمانیی "جمهوور"ـیان پێکهێناوە، ئەوەشی خستەڕوو، "دادگەی دەستووریی ئێستا دادگەی گەلی تورک نییە. ئەگەر هاوپەیمانیی جمهوور لە هەڵبژاردن سەربکەوێت، ئەو کاتە لە چوارچێوەی دەستووری نوێدا، کە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی هاوپەیمانییەکە، نەک تەنیا دادگەی دەستوور لە رووی بنەمای دامەزراندن و دادگاییکردن دەگۆڕین، بەڵکو بەنیازین سەرجەم ئەندامانی دادگەکەش بگۆڕین."
 
باخچەلی دەشڵێت، ئەوەی کە دادگەی دەستوور بووەتە باخچەی دواوەی رێکخراوی "تیرۆریستی جوداخواز"، هێندەی کێشەی مانەوە و ئاسایشە، هێندەش بابەتی دادپەروەری و یاساییە و ناتوانن چاوپۆشیی لێ بکەن.
 
دادگەی دەستووریی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 9ی ئاداری 2023 بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، بڕیاری راگرتنی بودجەی هەدەپەی هەڵوەشاندەوە و لە کۆی 15 ئەندام 8 ئەندامی دادگەی باڵای دەستوور بە "بەڵێ" و لە بەرامبەردا 7 ئەندام بە "نەخێر" دەنگیان دا.
 
لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 5ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا دادگەی دەستووریی تورکیا بڕیاری راگرتنی بودجەی هەدەپەی دابوو.
 
یەکێک لە پرسە گەرمەکانی پێش هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری ئەمساڵ لە تورکیا ئەوەیە، کە ئایا پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە کە سێیەم گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە و لە حوزەیرانی 2021ـەوە لە دادگە دۆسیەی داخستنی لەسەر تۆمار کراوە، دادەخرێت یان نا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی: دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلوور دەڵێت، دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات