نێچیرڤان بارزانی و مەولوود چاوشئۆغڵو کۆبوونەوە

12-03-2022
راوچی حەسەن @Rawchihasan
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مەولوود چاوشئۆغڵو لە ئەنتاڵیا
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مەولوود چاوشئۆغڵو لە ئەنتاڵیا
نیشانەکردن کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا ADF2022
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە. 
 
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنتاڵیا رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا نزیکەی 30 خولەکی خایاندووە.
 
بەپێی راگەیێنراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى سياسيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕ و دۆخى ئۆكراينا و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، تاوتوێ كرا.

وەک لە راگەیێنراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا "سوپاسى به‌شداريى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ كۆڕبه‌ندى ديپلۆماسيى ئانتاڵيادا كرد" و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ توركيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و له‌ دۆخى سياسيى عێراق ده‌ڕوانێت.

نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "ده‌ستخۆشى له‌ توركيا كرد بۆ هه‌وڵه‌كانى و كۆكردنه‌وه‌ى هه‌ردوو وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا و ئۆكراينا، هه‌روه‌ها هيواى خواست کۆتایی بە تەنگژەکە بێت و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لەو قەیرانە سەختە دەرباز ببێت و قوربانيى زياترى لێنه‌كه‌وێته‌وه‌."

لەبارەی دۆخى عێراق، نێچيرڤان بارزانی جه‌ختى له‌سه‌ر خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، كرده‌وه‌.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە بە مەبەستی بەشداریکردنی لە دووەم کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لە تورکیایە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە.
 
رۆژی هەینی 11-03-2022 نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە دووەم کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا گەیشتە ئەو شارە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند له‌ په‌راوێزى کۆڕبه‌نده‌که‌دا نێچيرڤان بارزانى بۆ گفتوگۆ لەباره‌ى دوايين پێشهاته‌كان و بابه‌تى هه‌نووكه‌يى، چه‌ند ديدار و كۆبوونه‌وه‌يه‌ك ئه‌نجام ده‌دات.
 
لە یەکەم رۆژی گەیشتنی بۆ ئەنتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر و جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
 
کۆڕبەندەکە لەژێر ناونیشانی "داڕشتنەوەی دیپلۆماسی" بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ دەخایەنێت لە 11ی ئەم مانگە دەستیپێکردووە و تاوەکو 13ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. 
 
ئەمساڵ 15 سەرۆک و سەرۆکوەزیران و 67 وەزیر بەشداریی کۆڕبەندەکەن و مژارەکانی دیدارەکە بریتین لە: هەژاری، ئاوارەبوون، گۆڕانی کەشوهەوا و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە